دوای بڕیارەكەی ترەمپ.. دۆسێی بوونەوەرە ئاسمانییەكان چی لێهات؟

ڕاپۆرت

4 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 141

راچڵەكین-

ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكان بڵاویانكردووەتەوە،  ئەرشیفێكی گشتیی فراوان كە ژمارەیەكی زۆر لە دۆسێكانی حكومەتی ئەمریكا (ئاماژەی نهێنیان لەسەر لابراوە) لەسەر بوونەوەرە ئاسمانییەكان و تەنە نەناسراوەكان، تەنها ڕۆژێك دوای بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكا بە بڵاوكردنەوەیان، دیارنەماون و سڕدراونەتەوە.

داتاكانی سێرڤەری سەرەكی ماڵپەڕی "The Black Vault" سڕدرانەوە، بەهۆیانەوە سەدان گیگابایتی دۆسێكانی پەیوەست بە تەنە نامۆ فڕیوەكان و پڕۆژەكانی سی ئای ئەی كە نهێنی نەكراون، دیارنەماون.

جۆن گرینڤاڵد جونیۆر، توێژەری UFO كە ماڵپەرەكە بەڕێوەدەبات، ڕایگەیاندووە، هەندێك مۆڵەت و كۆنترۆڵی دەستڕاگەیشتن و دەستكاریكردن لە هەندێك فۆڵدەردا گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووە، هەروەها تۆمارەكانی خاوەندارێتی دۆسێكان بەبێ هیچ بەرچاو ڕوونكردنەوەیەك گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووە، وەك ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی بڵاویكردووەتەوە.

گرینواڵد كە سێ دەیەی بەسەر بردووە لە ڕێكخستنی زانیاری سەبارەت بە بەرنامە نهێنییەكان و ڕووداوە نەناسراوەكان، ئاماژەی بەوەكردووە ئەمریكا بە نهێنی كاریكردووە بۆ بەدەستهێنانەوەی تەكنەلۆژیای بوونەوەرە ئاسمانییەكان و سوود وەرگرتن لێی.

ماڵپەرەكە، دۆسێ نهێنی لەسەر هەڵگیراوەكان، ڕاپۆرت لەسەر بنكە سەربازییەكان، گەواهی شایەتحاڵەكان و ڕێنماییەكانی دەزگای هەواڵگری لە ساڵانی ١٩٤٠ و ١٩٥٠ ی سەدەی رابردووەوە لەخۆدەگرێت.

ئەو ڕووداوەش تەنها دوای چەند كاتژمێرێك هات لە فەرمانەكەی دۆناڵد ترەمپ بە وەزارەتی جەنگی ئەمریكا بۆ ئاشكراكردنی هەر شتێك كە پەیوەندی بە ژیانی بوونەوەرە ئاسمانییەكان و دیاردە ئاسمانییەكان و دەفڕە فڕیوەكانەوە هەبێت.

گرینوالد لە بەیاننامەیەكدا ڕوونیكردووەتەوە، گومانی هیچ كردەوەیەكی تاوانكاری ناكات، بەڵكو ئەوەی ڕوویداوە سڕینەوەی داتا بووە و نەك لەناوبردنی.

هەموو ئەو ڕووداوانە لەكاتێكدا دێن، تا ماوەیەك پێش ئێستا حكومەتی ئەمریكا بوونی تەنی فڕیو یان بوونەوەرە ئاسمانییەكانی رەتدەكردەوەو جەختی لەوە دەكرد، هیچ بەڵگەیەك نییە كە بوونی ئەو بوونەوەرانە بسەلمێنێت.

دۆسێی بوونەوەرە ئاسمانییەكان و دەفرە فڕیوەكان، دوای لێدوانێكی باراك ئۆباما-ی سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا سەریهەڵدایەوە، دوای ئەوەی ئۆباما جەختی لەوەكرد بوونەوەرە ئاسمانییەكان ڕاستن، بەڵام خودی خۆی نەیبینیوون.

لەبەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، ئۆباما بەقسەكردنی لەسەر بوونی بوونەوەرە ئاسمانییەكان " زانیاری نهێنی" ئاشكراكردووە كە پێویست نەبوو ئەو كارە بكات:" نازانم ئەو بوونەوەرانە ڕاستن یان نا، بەڵام ئۆباما هەڵەیەكی گەورەی كردووە."

 
 
 
 
 
 
 
 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن