سوپای رووسیا ناوچەیەكی دیكەی ئۆكراینا كۆنترۆڵ دەكات

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 212

راچڵەكین -

سوپای رووسیا لە پێشڕەوییەكانی بۆناو قووڵایی خاكی ئۆكراینا بەردەوامە و ناوچەیەكی دیكە لە رۆژهەلاتی ئەو وڵاتە كۆنترۆڵ دەكات، لەماوەی 24 كاتژمێری رابردووشدا زیاتر لە دوو هەزار و 480  سەربازی ئۆكراینی كوژراون.

ئەمڕۆ هەینی 27-2-2026، وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیەندراوێكدا بڵاكردەوە، هێزەكانیان توانیوانە شارۆچكەیەك لە هەرێمی دنیبرۆپیترۆفسك لە رۆژهەڵاتی ئۆكراینا كۆنترۆڵ بكەن.

وەزارەتەكە ئاشكرایكردووە، هێزەكانیان لە پێشڕەویی بەردەوامدان و لەماوەی 24 رابردوودا، دوو هەزار و 482 سەربازی ئۆكراینی و چەكداری كرێگرتەی بیانی لە شەڕو پێكدادانەكاندا كوژراون، هاوكات دەیان تانك و زرێپۆش و سەكۆی مووشەكی سوپای ئۆكراینا لەناوبراون.

بەردەوامبوونی هێرش و بۆردومانەكانی سوپای رووسیا، كە لەسەرەتای ئەم مانگەوە تائێستا چەندین شارۆچكە و ناوچەی گرنگ و ستراتیجییان لە ئۆكراینا كۆنترۆڵكردووە، لەكاتێكدایە ئەو وڵاتە پێداگریی لەسەر جێبەجێكردنی پلانە سەربازییەكانیان دەكات كە بریتییە لە كۆنترۆڵكردنی خاكی زیاتری ئۆكراینا و ناچاركردنی بە قبوڵكردنی مەرجەكانی بۆ راگرتنی شەڕ و واژۆكردنی رێكەوتننامەی ئاشتی.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن