پاكستان ژمارەی كوژرانی سوپای ئەفغانستان ئاشكرا دەكات

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 1082

راچڵەكین -

سوپای پاكستان لە كاردانەوەی هێرشەكەی شەوی رابردووی سوپای ئەفغانستان بۆسەر بنكە سەربازییەكانی لەسەر سنوور، هێرشێكی پێچەوانە ئەنجامدەدات و جگە لە كۆنترۆڵكردنەوەی بنكەكانی دەیان بنكەی سوپای ئەفغانستانیش خاپوور دەكات، ئاشكراشیدەكات، زیاتر لە 670 چەكداری ئەفغانستان كوژران و بریندار بوون.

سوپای پاكستان لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ هەینی 27-2-2026 بڵاویكردەوە، زانیاری لەبارەی ئەنجامی هێرشە پێچەوانەكەی بۆسەر پێگە سەربازییەكانی ئەفغانستان ئاشكراكردووە، بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لەئەنجامی هێرشێكی ئاسمانیی و زەمینیدا بۆسەر ناوچە سنوورییەكانی ئەفغانستان، لانی كەم 274 چەكداری ئەو وڵاتە كوژران و زیاتر لە 400 چەكداری دیكەش بریندار بوون.

بەوتەی فەرماندەیەكی باڵای سوپای پاكستان، هێزەكانیان توانیوانە سەرجەم ئەو بنكە سەربازییانەی سەر سنوور كۆنترۆڵ بكەنەوە كە شەوی رابردوو چەكدارانی ئەفغانستان دەستیان بەسەردا گرتبوو، هاوكات 83 بنكەی سوپای ئەفغانستانیان لەناوچە سنوورییەكان بۆردومانكردووە و 17 بنكەی دیكەشیان كۆنترۆڵكرد، لەئەنجامی هێرشەكەدا 115 تانك و زرێپۆش و تۆپهاوێژی سوپای ئەفغانستان تێكشكێندران.

لە هەوڵێكیشدا بۆ كۆتایی هێنان بە شەڕو پێكدادانەكانی سەر سنوور لەنێوان پاكستان و ئەفغانستان، هەریەك لە رووسیا و ئێران داوایان لە هەردوولا كرد دەستبەجێ شەڕ رابگرن و بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن