ئەنجومەنی رێبەریی لە ئێران دەستبەكار دەبێت

جیهان

9 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 93

راچڵەكین -

سەرۆككۆماری ئێران رایدەگەیەنێت، لەدوای كوژرانی رێبەری باڵا، ئەنجومەنی رێبەری هەڵبژێردرا و دەستی بە كارەكانی كرد، هۆشدارییش دەدات لەدوای بەئامانجگرتنی وڵاتەكەی، فراوانخوازییەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل سەرجەم وڵاتانی ئیسلامی دەگرێتەوە.

مەسعود پزیشكیان، سەرۆككۆماری ئێران لە پەیامێكدا كە میدیای فەرمی وڵاتەكەی پەخشی كرد، رایگەیاند، دوای كوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای كۆماری ئیسلامیی، ئەمڕۆ یەكشەممە 1-3-2026، ئەنجومەنی رێبەری، بەپێی مادەی 111ی دەستوور، هەڵبژێردرا و كارەكانی دەستپێكرد.
 
سەرۆككۆماری ئێران راشیگەیاند: هێزە چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامی، بە هێزەوە بۆ لەناوبردنی پێگەكانی دووژمنان كاردەكەن و وەكو هەمیشە بێهێوایان دەكەن، ئەمریكا و ئیسرائیلیش پێویستە بزانن كە جگە لە شەرمەزاری و سەرشۆڕی، هیچی دیكە بەدەست ناهێنن.

پزیشكیان داوای لە گەلانی ناوچەكە كرد رووبەڕووی فراوانخوازییەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل ببنەوەو وتی:" لەدوای هێرشكردنە سەر ئێران، فراوانخوازییەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل سەرجەم وڵاتانی ئیسلامی دەگرێتەوە".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن