راچڵەكین -
وەزارەتی پێشمەرگە ئەو دەنگۆیە رەتدەكاتەوە كە گە گوایە هێزەكانیان بارەگایەكی حەشدی شەعبییان لە موسڵ بۆردومان كردبێت و رایدەگەیەنێت: هێزەكانی پێشمەرگە لەم بارودۆخەدا هاوشان لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی تری عێراق، ئەركی پاراستنی ئاسایشی عێراق و هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكەن.
وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە 1-3-2026 بڵاویكردەوە، ئەو هەواڵەی رەتكردووەتەوە كە كەناڵی (یەكی عێراقی - قناة الأولى العراقية) بڵاويكردووەتەوەو تێیدا ئاماژەی بەوە كردووە كە گوایە هێزەكانی پێشمەرگە بارەگای لیوای (50)ی حەشدی شەعبییان لە پارێزگای نەینەوا بۆردومان كردووە.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە، وێڕای ڕەتكردنەوەی تەواوی ئەم هەواڵە، ڕایدەگەیەنین كە سەرلەبەری هەواڵەكە دوورە لە ڕاستییەوە. هێزەكانی پێشمەرگە لەم بارودۆخەدا هاوشان لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی تری عێراق، ئەركی پاراستنی ئاسایشی عێراق و هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكەن و بە هیچ شێوەیەك بەشداریی هیچ ئۆپەراسیۆنێكی لەو جۆرەیان نەكردووە.
وەزارەتەكە روونیشیكردووەتەوە كە وەك وەزارەتی پێشمەرگە بە مافی یاسایی خۆی دەزانێت سكاڵا لەسەر كەناڵی (یەكی عێراقی) تۆمار بكات، لەسەر بڵاوكردنەوەی ئەم هەواڵە، كە هەوڵی نانەوەی فیتنە و تێكدانی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و سیاسی دەدات لە نێوان پێكهاتەكانی عێراقدا.