راچڵەكین-
دەرباز كۆسرەت ڕەسول، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەڵێت، لەبارودۆخی دژواری ئەمڕۆدا پێویستە بە وریاییەوە هەڵسەنگاندن بۆ هەموو بارودۆخەكان بكرێت.
دەرباز كۆسرەت ڕەسول، لە 35 هەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی گەلی كوردستان دژی دەسەڵاتی رژێمی بەعسی ڕووخاو پەیامێكی بڵاوكردووەتەوە، تیایدا ئاماژەی بەوەكردووە:" ئەمڕۆ لە هەلومەرجێكی دژواردا ئەو یادە پڕشكۆیە دەكەینەوە، پێویستە بە وریاییەوە هەڵسەنگاندن بۆ هەموو بارودۆخەكان بكەین و جارێكی تر میللەتەكەمان رووبەڕووی ئاوارەیی و شەڕ نەبێتەوە.
دەقی پەیامەكەی دەرباز كۆسرەت ڕەسول:
لە سی و پێنجەمین ساڵیادی راپەڕینە مەزنەكەی بەهاری ساڵی ١٩٩١ ی گەلی كورد لەباشووری كوردستان، بەشكۆوە رێز لە قوربانیدانی گەلەكەمان دەگرین بۆ ئازادی و رووبەڕووبوونەوەی زوڵم و ستەمكاریی.
لەو یادە پیرۆزەدا سەری رێز بۆ شەهیدانی راپەڕین و سەرجەم شەهیدانی گەلەكەمان دادەنەوێنم، پێویستە بە گیانی بەرپرسیارانەوە بەڵێن دووپات بكەینەوە بۆ خزمەتكردن و پاراستنی ئەم دەستكەوتانەی كە بە خوێنی رۆڵەكانمان بەدیهاتن.
ئەمڕۆ لە هەلومەرجێكی دژواردا ئەو یادە پڕشكۆیە دەكەینەوە، پێویستە بە وریاییەوە هەڵسەنگاندن بۆ هەموو بارودۆخەكان بكەین و جارێكی تر میللەتەكەمان رووبەڕووی ئاوارەیی و شەڕ نەبێتەوە.
دەرباز كۆسرەت رەسوڵ
ئەندامی مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان