راچڵەكین -
رووسیا و ئۆكراینا لەچوارچێوەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوانیان، سەدان سەربازی یەكتر ئازاد دەكەن كە لە بەرەكانی جەنگدا بەدیل گیرابوون.
ئەمڕۆ هەینی 6-3-2026، وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا بڵاویكردەوە، لەچوارچێوەی جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنەی لە دانوستانەكانی ئیستانبوڵ كرا، كە یەكێك لە بڕگەكانی رێككەوتنەكە، ئازادكردنی سەربازە دیلەكانی هەردوولایە، هەریەك لە رووسیا و ئۆكراینا 300 دیلی یەكتریان ئازادكرد.
وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ئاشكریكرد، پرۆسەی ئاڵوگوڕكردنی دیلەكانی جەنگ لە نێوەندگیریی ئەمریكا و ئیمارات بووە، سەربازە دیلەكانی رووسیا دوای ئازادبوونیان، رەوانەی بێلارووس كراون و دوای ئەنجامدانی پشكنینی پزیشكی و وەرگرتنی چارەسەری پێویست، دەگەڕێندرێنەوە بۆ رووسیا رەوانەی ماڵەوە دەكرێنەوە.
تائێستا رووسیا و ئۆكراینا هەزاران سەربازی یەكتریان ئازادكردووە، كە لە بەرەكانی جەنگدا بەدیل گیرابوون.