راچڵەکین-
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی پێشبینییەکانی بۆ کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەی شارەکانی هەرێم بڵاوکردەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێم بڵاویکردەوە: ئەمڕۆ شەممە، ئاسمان لەنێوان نیمچە هەور و هەوری تەواو دەبێت، سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکانی باکووری دهۆک نمە باران و بەفر بارین دەستپێدەکات و لەدوای نیوەڕۆ نمە باران و بارانی مامناوەند زۆربەی ناوچە شاخاوییەکان و پارێزگای دهۆک دەگرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد: لە درەنگانی ئەمشەو، کاریگەری دابارین زیاد دەکات و لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان باران بارین دەبێت و لە سەرجەم ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانیش بەفر بارینێکی کەم دەبێت.
باسی لەوەشکرد: سبەی یەکشەممە، ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت بە درێژایی رۆژ، باران بارین بە شێوەی نمە باران و بارانی مامناوەند لە هەموو ناوچەکانی هەرێم دەبارێت، هەروەها لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان بەفر بارینێکی کەم دەبێت و لە درەنگانی شەودا کاریگەری شەپۆلەکە کۆتایی دێت.