هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت هەڵوێستی خۆی رادەگەیەنێت

عێراق

4 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 112

راچڵەكین -

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت راگەیەندراوێك لەبارەی دۆخی ناوچەكە بڵاودەكاتەوەو رایدەگەیەنێت: عیراق نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ و نابێ خاكەكەشی بكرێتە مەیدانی جەنگ.
 
ئەمڕۆ شەممە، 7ی ئاداری 2026 ، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، لەشاری بەغدا كۆبووەوە و گفتوگۆی لەبارەی پێشهاتە ئەمنییەكانی ناوچەكە و لێكەوتەكانی لەسەر ئاسایش و ئابووری و عیراق كرد.

لەدوای كۆتایی هاتنی كۆبوونەوەكە، هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە، پێویستە بە هیچ شێوەیەك عیراق رانەكێشرێتە ناو ئەو ململانێیانەی ئێستا لە ناوچەكەدا هەن، عیراق بە هەموو شێوەیەك رەتیدەكاتەوە ببێتە گۆڕەپانێك بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێ نێودەوڵەتییەكان، یان ببێتە خاڵی دەستپێكردنی هەر هێرش و دەستدرێژییەك بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ.
 
هاوپەیمانییەكە ئیدانەی هەر هێرشێكیشی كرد كە سەروەریی عیراق پێشێل بكات و ببێتە هۆی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییانی بێتاوان. جەختی لەوەشكردەوە كە بەكارهێنانی خاك و ئاو و ئاسمانی عیراق بۆ هەر كارێكی دوژمنكارانە رەتدەكاتەوە و داوای لێپرسینەوە لە بكەر و بەرپرسانی ئەو كارانەش دەكات.
  
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە هەموو هێزێكییەوە پشتگیریی دامەزراوەكانی دەوڵەت و هێزە چەكدارەكانی عیراق دەكات بۆ گرتنەبەری رێكاری یاسایی پێویست لەپێناو پاراستنی سنوورەكان و رێگریكردن لەهەر لایەنێك كە بیەوێت خاكی عیراق بۆ تێكدانی ئاسایشی ناوچەكە بەكاربهێنێت.
 
هاوپەیمانییەكە داواشی كردووە دەستبەجێ جەنگ رابگیرێت و رونیكردەوە كە پێویستە هەمووان بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆی جیدی، وڵاتە زلهێزەكان و لایەنە كاریگەرەكانیش بەرپرسیارییەتیی خۆیان هەڵبگرن بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن