راچڵەكین -
سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی فەرەنسا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا، نیگەرانیی قووڵی خۆیان بەرامبەر بە مەترسییەكانی پەرەسەندنی گرژییەكان دەردەبڕن و بە پێویستیشی دەزانن هەوڵە نێودەوڵەتییەكان چڕبكرێنەوە بۆ ڕێگری لە فراوانبوونی زیاتری بازنەی ململانێكان.
ئەمڕۆ شەممە 7-3-2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی لە ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی كۆماری فەرەنساوە پێگەیشت.
سەرۆكایەتی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، سەركی هەرێم و سەرۆكی فەرەنسا دەربارەی دۆخی ناوچەكە و لێكەوتەكانی شەڕ بیروڕایان گۆڕییەوە و نیگەرانیی قووڵی خۆیشیان بەرامبەر بە مەترسییەكانی پەرەسەندنی گرژییەكان دەربڕی، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی چڕكردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ ڕێگری لە فراوانبوونی زیاتری بازنەی ململانێكان، بە شێوەیەك كە ئاشتی و ئاسایش بۆ گەلانی ناوچەكە بگەڕێتەوە.
لە تەوەرێكی دیكەی گفتوگۆكەدا، پەیوەندییەكانی فەرەنسا لەگەڵ عیراق و هەرێمی كوردستان و بەردەوامیی هاوكارییەكان تاوتوێ كران. هەردوولا داكۆكییان لە پتەوكردنی ئەو پەیوەندییە دۆستانەیەی نێوانیان كردەوە كە مێژوویەكی درێژی لە هاوكاری و هەماهەنگی لە بوارە جیاوازەكاندا هەیە.
لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ڕۆڵی پێشەنگانەی سەرۆك ماكرۆن و فەرەنسای كرد بۆ پشتگیریكردنی بەردەوامی هەرێمی كوردستان و عێراق، بە تایبەت لە هەوڵە دیپلۆماسییەكاندا بۆ دوورخستنەوەی ناوچەكە لە مەترسییەكانی شەڕ و ئاڵۆزی.