ئەو گرووپەی هێرشدەكاتە سەر هەولێرو سلێمانی كێیە؟

ڕاپۆرت

3 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 700

راچڵەكین-

لەدوو شەوی ڕابردوودا زجیرەیەك هێرشی مووشەكی و درۆنی كرانە سەر چەند پێگەیەك لەناوشاری سلێمانی و هەولێر، دواتر گروپێك بەناوی " سەرایا ئەولیا ئەلدەم" ناسراو بە SAD بەرپرسیارێتی خۆی لەو پەلامارانە راگەیاند.

چی دەزانرێت لەبارەی گرووپی سەرایا ئەولیا ئەلدەم؟

 

سەرایا ئەولیا ئەلدەم، گروپێكی چەكدارین و لە 24ی ئابی ساڵی 2020 وە بەفەرمی دەركەوتن، كاتێك هێرشیان كردە سەر ژمارەیەك بارهەڵ"ری عیراقی بەپاساوی ئەوەی كەرەستەی ئەمریكییان گواستووەتەوە و تۆماری كردەكەشیان بڵاوكردەوە.

رۆژی 16ی شوباتی 2021 یش ئەم گرووپە بەفەرمی بەرپرسیارێتی خۆی لەو پەلامارە مووشەكییە نیشاندا كە كرایە سەر هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش لەشاری هەولێر.

ئەم گرووپە خۆیان وەك بەشێك لە " بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی عیراق" دەناسێنن. وتارەكانی ئەم گرووپە دژی ئەمریكاو پشتیوانی لەئێران بڵاودەكرێنەوە. هەندێك لە سیاسەتمەدران و شرۆڤەكارانی گرووپەكانی عیراق دەڵێن، پێدەچێت گرووپی سەرایا ئەولیا ئەلدەم  وابەستەی " كەتیبەكانی سەید شوهەداو كەتیبەكانی حیزبوڵا"ی عیراقی بن.

لە راگەیەندراوەكانیشیاندا دەڵێن، پەلامارەكانیان وەك وەڵامێك دێن دژی بوونی داگیركاری ئەمریكا لەعیراق. سەرباری ئەوەی چەندین پەلاماریشیان لەئەستۆ گرتووە، بەڵام تائێستا پێكهاتەی سەركردایەتییەكەیی و ژمارەی چەكدارەكانی بەفەرمی ئاشكرا نەكراوە.

ئەوەش وا دەكات ئەو گرووپە لەچوارچێوەی ئەو گرووپانە ئەژمار بكرێن كە بە " گرووپەكانی ڕووكار"  لەدیمەنی ئەمنی عیراقدا دەناسرێن كە رۆڵی جیاجیا دەگێڕن.

پەلاماردانی هەولێرو سلێمانی لەلایەن ئەو گرووپەوە

لەگەڵ هەڵایسانی گەڕی دووەمی شەڕی نێوان ئێران لەگەڵ ئەمریكاو ئیسرائیل، جارێكی تر گرووپی سەرایا ئەولیا ئەلدەم چالاكییەكانی دەستپێكردەوەو رۆژی 4ی ئاداری 2026 بەرپرسیارێتی خۆی لەهێرشێكی مووشەكی بۆسەر فڕۆكەخانەی هەولێری پایتەختی هەرێمی كورستان و ئوردن راگەیاند.

 



هاوكات رۆژی 7ی ئادار، هەمان گرووپ بەرپرسیارێتی ئەو هێرشە مووشەكی و درۆنیانەی گرتە ئەستۆ كەچەند شوێنێكیان لە سلێمانی و دەوروبەری كردە ئامانج:""موجاهیدە ئازاكانمان ئەمڕۆ شەممە 7ـی ئاداری 2026، هێرشێكیان لە رێگەی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانەوە ئەنجامداو ئامانجێكی هەستیاریان لە سلێمانی پێكا."
 
بەگوێرەی راگەیەندراوی گرووپەكە بێت، ئەو پەلامارەیان، وەك تۆڵەسەندنەوەیەك بووە بۆ كوژرانی "عەلی خامنەیی" و بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانەیە كە بوونەتە هۆی كوژرانی كۆمەڵێك لە چەكدارە عیراقییەكان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن