خامنەیی كوڕ دەبێتە ڕابەری سێیەمی ئێران

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 152


راچڵەكین-

ئەنجوومەنی شارەزایانی ئێران هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی-یان وەك سێیەمین ڕابەری باڵای ئەو وڵاتە، لەشوێنی عەلی خامنەیی باوكی راگەیاند، كە لە سەرەتای هێرشی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران لە 28ی شوبات كوژرا.

ئەنجوومەنی شارەزایان كە لە 88 ئەندام پێكهاتووە، لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە، دانانی موجتەبای تەمەن 56 ساڵ دوای دەنگدانی یەكلاكەرەوەی ئەندامانی ئەنجوومەنەكە بووە كە زۆرینەی دەنگەكانی بەدەستهێناوە. 

هەرچەندە ئایدۆلۆژیای دەسەڵات لە ئێران، میراتگری لەپۆستی رابەری باڵا ڕەتكردووەتەوە، بەڵام بەگوێرەی سەرچاوە سیاسییەكان، موجتەبا خاوەن پێگەیەكی بەهێزە لەنێو سوپای پاسداران، هاوكات تائێستا نووسینگەكەی باوكی، خاوەن هەژموونێكی زۆرو كاریگەرە لەناوەندەكانی بڕیاردان.

موجتەبا خامنەیی كێیە؟

- ساڵی 1969 لە مەشهەد لەخێزانێكی ئایینی لەدایكبووە.
- ساڵی 1987-1988 لەكۆتاییەكانی جەنگی ئێران- عیراق و لەتەمەنی 17 ساڵیدا پەیوەندی دەكات بەڕیزەكانی سوپای پاسداران.
- لەكۆتایی نەوەتەكاندا پەیوەندیكردووە بە حەوزەی عیلمی لە قوم ( ناوەندی سەرەكی توێژینەوەی ئایینی شیعە لەئێران).
- لە ناوەندە ئایینییەكاندا بە "حوجەتولئیسلام" ناودەبرێت و لەم ساڵانەی دواییدا هەندێك لە میدیاكانی نزیك لە دەسەڵاتی ئێران نازناوی "ئایەتوڵا"یان بۆ بەكارهێناوە.
- ساڵی 2004 هاوسەرگیریی لەگەڵ زەهرە حەداد عادل، كچی غولام عەلی حەداد عادل، كەسایەتی سیاسیی و محافزكاری ئێران (سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی  ئەو وڵاتە)ئەنجامدا، ئەوەش وایكردووە
پەیوەندییەكی سیاسی بەهێزی لەگەڵ ناوەندە دەسەڵاتدارەكان بۆ دروست ببێت.
- بەیەكێك لەو كەسانە ئەژمار دەكرێت كە ڕۆڵی هەبووە لەوەی مەحموود ئەحمەدی نەژاد، لەساڵی 2005 ببێتە سەرۆككۆماری ئێران.
- بەوە تۆمەتباردەكرێت كەلەساڵی 2009 دا بە هاوكاری بەسیج و هێزە ئەمنییەكانی تر، ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لەسەركوتكردنی خۆپیشاندانەكانی ئێران ( بزووتنەوەی سەوز) دوای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەو وڵاتە.
-ساڵی 2019 خراوەتە لیستی سزاكانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا، بەتۆمەتی ئەوەی لەجیاتی باوكی رۆڵی سەركردایەتی گێڕاوە بەبێ ئەوەی هیچ پۆستێكی فەرمی هەبێت.
- ڕاپۆرتە رۆژئاواییەكان ئاماژەیان بەوە كردووە خاوەن سامانێكی بێ شوومارە هەر لە وڵاتانی كەنداو تا دەگاتە وڵاتانی خۆرئاوا، خاوەنی چەند پرۆژەو ئاپارتمانە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن