دارایی هەرێم وادەی دابەشكردنی مووچەی مانگی شوباتی راگەیاند

ئابوری

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 892

راچڵەكین-

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ دوای تەواوكردنی ڕێكارەكان و وەرگرتنی پارەكە لە لقی هەولێری بانكی ناوەندی عێراق، خشتەی مووچە ڕادەگەیەنرێت و دەست بەدابەشكردنی مووچە دەكرێت.

وەزارەتی دارایی و ئابووری لەڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ڕۆژی دووشەممە بڕی ( ٢٩٥ ) ملیارو ( ٤٠٥ ) ملیۆن دینار وەك دواین گوژمەی تەمویلی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان خرایە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی و ئابووری لەلقی هەولێری بانكی ناوەندی عێراق.

"بۆ ئەم مانگەش وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ بڕی ( ١٦،١٠٧،٨٨١،٠٠٠ ) شانزە ملیارو سەدو حەوت ملیۆن و هەشت سەدو هەشتاو یەك هەزار دیناری  لە تەمویلی مووچەی مانگی شوبات نەناردووە كە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەكانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی." وەزارەتی دارایی وا دەڵێت.

وەك لەڕاگەیەندراوەكەی داراییدا هاتووە:" هاوكات بۆ ئەم مانگەش بەداخەوە بڕی ئەو ( ٣٦،٣٦٠،٨٦٤،٠٠٠ ) دینارەشی خەرج نەكردۆتەوە كە مانگی ڕابردوو لە تەمولی مووچەی مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵی بڕیبوو كە شایستەی ساڵی ڕابردووی خانەنشینانی سەربازی و شارستانی و كەمئەندامانی سەنگەر بوو، سەرەڕای ئەوەی لەڕێی نوسراوی فەڕمی و ناردنی تیمی تەكنیكیەوە ڕونكردنەوەی پێویستیشمان پێدابوون و داوای خەرجكردنی ئەو شایستانەمان كردبوو."

 
 
 
 
 
 
 
 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن