راچڵەکین-
لە کاتێکدا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان پێیان ناوەتە نۆیەمین ڕۆژیانەوە، لە ناوخۆی ئیسرائیلدا مەترسییەکان لە ئەگەری درێژەکێشانی شەڕێکی بێ کۆتایی لەگەڵ ئێران لە زیادبووندایە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست"، هەڵسەنگاندنە ناوخۆییەکانی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکەن کە هەڵمەتی بۆردومانە هاوبەشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا نزیک بووەتەوە لە پێکانی ئامانجە سەربازییە سەرەکییەکان، ئەم ئامانجانە تێکدانی ئەوەی لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران مابووەوە، لەگەڵ لەناوبردنی کۆگا مەزنەکانی موشەکی بالیستی و کارگەکانی چەک و لاوازکردنی سەرکردایەتییە باڵاکانی دامەزراوەی سەربازی دەگرێتەوە.
بەرپرسێکی ئیسرائیلی ئاگادار لە پلاندانانی سەربازی بە رۆژنامەکەی وتووە: مەرج نییە تەنها ئامانجی شەڕەکە ڕووخانی ڕژێمی ئێران بێت، هەرچەندە ئارەزووی ڕووخانی ڕژێم دەکەین، بەڵام پاش تێکشکاندنی ئامانجە سەربازییە ستراتیژییەکان، ئیسرائیل دەتوانێت بڵێت گەیشتووە بە ئامانجەکانی.
لە ئێستادا ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان ئاڵۆزتر بووە، بەتایبەت دوای کوژرانی ڕێبەری پێشووی ئێران لە هێرشێکی ئاسمانی لە ٢٨ی شوبات و دەستبەکاربوونی موجتەبا خامنەیی کوڕی وەک ڕێبەری نوێ.
موجتەبا خامنەیی بەوە ناسراوە کە زۆر نزیکە لە سوپای پاسدارانی ئێران، ئەمەش وای کردووە ئومێد بە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی سیاسی کەم ببێتەوە.
هاوکات لەگەڵ بەرەی ئێران، پلاندانەرە سەربازییەکانی ئیسرائیل ترسیان لە فراوانبوونی شەڕەکە بۆ ناو خاکی لوبنان هەیە، هەرچەندە لە ئێستادا هێزەکانی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی سنووردار لە باشووری لوبنان دژی پاشماوەکانی گروپە چەکدارەکان ئەنجام دەدەن، بەڵام جەخت دەکەنەوە کە نایانەوێت ئەزموونی ساڵی ١٩٨٢ و داگیرکارییەکی بەرفراوان دووبارە بکەنەوە کە وەک هەڵەیەکی ستراتیژی لێی دەڕوانن.