خارک؛ بۆچی بۆ ئێران ژیان و بۆ ئەمریکا ئامانجە؟

ڕاپۆرت

4 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 84

راچڵەکین-

دوورگەی خارک گرنگییەکی ستراتیژیی یەکجار گەورەی بۆ ئێران هەیە، ئەمەش وایکردووە ببێتە ئامانجێکی بەنرخی ئەمریکا لەو جەنگەی کە ماوەی دوو هەفتەیە بەردەوامە.

ئەم دوورگەیە، کە لە چەند کاتژمێری رابردوودا هێزە ئەمریکییەکان بە ئامانجیان گرت، نزیکەی %90ی هەناردەکردنی نەوتی ئێران پێک دەهێنێت و ئەمەش گریمانەکانی ئەگەری تۆڵەکردنەوەی هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر ئەو دوورگەیە لەلایەن ئێرانەوە زیاتر دەکات.

دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکان "تەواوی ئامانجە سەربازییەکانی" لە خارک تێکشکاندووە و هەڕەشەی بەئامانجگرتنی ژێرخانی نەوتی کرد ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە ڕێگریکردن لە جوڵەی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز.

بەپێی داتاکانی "تانکەر تراکەرز" و "کێپلەر"، ئێران پێش دەستپێکردنی جەنگەکە لە ٢٨ی شوباتدا بەرهەمهێنانی نەوتی لەو دوورگەیە زیادکردبوو، بەشێوەیەک ڕۆژانە بڕی ١.١ ملیۆن تا ١.٥ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەناردە کردووە، ئێستا بازاڕەکان چاودێری هەر نیشانەیەک دەکەن کە دەریبخات هێرشە ئاسمانییەکان زیانیان بە تۆڕە ئاڵۆزەکانی بۆری، بەندەر و کۆگاکانی خارک گەیاندووە، چونکە تەنانەت پەککەوتنێکی کەمیش دەتوانێت رێژەی دابینکردنی جیهانی لەوەی هەیە کەمتر بکات و فشار دەخاتە سەر ئەو بازاڕە شڵەژاوەی لە ئەنجامی جەنگەکەوە دروستبووە.

دان بیکەرینگ، بەرپرسی وەبەرهێنان لە "بیکەرینگ ئینێرجی پارتنەرز" دەڵێت: ئەگەر ژێرخانی خارک تێکبشکێت، بازاڕ بۆ هەمیشە دوو ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لەدەست دەدات، تا ئەو کاتەی کێشەی گەرووی هورمز چارەسەر دەبێت.

لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئێران بەیانی ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند: هەر هێرشێک بۆ سەر ژێرخانی نەوت و وزەی وڵاتەکەمان، دەبێتە هۆی هێرشکردنە سەر ژێرخانی وزەی ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی ناوچەکە کە بەشی ئەمریکایان تێدایە، یاخود هاوکاری ئەو وڵاتە دەکەن.

سەرچاوەی سەرەکی بۆ چین

دوورگەی خارک ٢٦ کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی ئێران و نزیکەی ٤٨٣ کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای گەرووی هورمزەوە دوورە، ئاوی دەوروبەری دوورگەکە ئەوەندە قوڵە کە ڕێگە بە لەنگەرگرتنی ئەو کەشتییە زەبەلاحانە دەدات کە بەهۆی گەورەییانەوە ناتوانن لە کەناراوەکان لەنگەر بگرن بەهۆی کەمی قوڵیی ئاوەکەیانەوە.

بەشێکی زۆری ئەو نەوتەی لە ڕێگەی خارکەوە بار دەکرێت بۆ چین دەچێت، کە گەورەترین هاوردەکاری نەوتی خاوە لە جیهاندا، چین لە ئێستادا ڕێککاری توندی گرتووەتەبەر، لەوانە قەدەغەکردنی هەناردەی سووتەمەنی پاڵێوراو بۆ پاراستنی پێداویستی ناوخۆیی لەژێر سایەی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هەندێک ئاماری گرنگ بەپێی داتاکانی "کێپلەر":

*نەوتی ئێران %11.6ی هاوردەی دەریایی چینی لە سەرەتای ئەمساڵەوە پێکهێناوە

*لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئێران رۆژانە 1.7 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە و لەکۆی ئەو ژمارەیە 1.55 ملیۆن بەرمیلی لە رێگەی خارکەوە 
*خارک توانای کۆگاکردنی نزیکەی 30 نلیۆن بەرمیلی هەیە و لە سەرەتای مانگی ئازار نزیکەی 18 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی تێدا بووە

*ئێران سێیەم گەورەترین بەرهەمهێنەر ی نەوتە لە رێکخراوی ئۆپیک

*ئێران %4.5 پێداویستی نەوتی جیهان دابین دەکات 

*ئێران رۆژانە نزیکەی 3.3 ملیۆن بەرمیل نەوت و 1.3 ملیۆن بەرمیل کۆندێنسێت و ماددە شلەکانی دیکە بەرهەم دەهێنێت.

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن