راچڵەكین -
حكومەتی هەرێمی كوردستان ئیدانەی هێرشكردنە سەر كونسوڵخانەی ئیمارات لە هەولێر دەكات و رایدەگەیەنێت: پێویستە حكومەتی فیدراڵ، سنوورێك بۆ ئەو هێز و گرووپ و میلیشیا لەیاسادەرچووانە دابنێت كە بوونەتە هەڕەشەیەكی ڕاستەقینە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان و عێراق بە گشتی.
حكومەتی لەو راگەیەندراوەیدا كە ئەمڕۆ شەممە 14-3-2026 بڵاویكردووەتەوە، جەختی لەوەكردووەتەوە كە "ئەم هێرشە تیرۆریستی و تێكدەرانەیەی كە دەكرێنە سەر هەرێمی كوردستان، پێشێلكردنی ئاشكرای یاسای نێودەڵەتی و سەروەریی خاكی هەرێمی كوردستان و عێراقە.
دەقی راگەیەندراوەكە:
راگەیاندراوێك لە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە
حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە توندترین شێوە، هێرشكردنە سەر كونسوڵخانەی گشتیی دەوڵەتی ئیمارات لە هەولێر و هەموو هێرشێك بۆ سەر خاك و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان و كونسوڵخانە و نێردە دیپلۆماتییەكان شەرمەزار دەكات.
ئەم هێرشە تیرۆریستی و تێكدەرانەیەی كە دەكرێنە سەر هەرێمی كوردستان، پێشێلكردنی ئاشكرای یاسای نێودەڵەتی و سەروەریی خاكی هەرێمی كوردستان و عێراقە و هیچ پاساوێك هەڵناگرێت و پێویستە حكومەتی فیدراڵ، بەرپرسیاریەتی یاسایی خۆی هەڵبگرێت و سنوورێك بۆ ئەو هێز و گرووپ و میلیشیا لەیاسادەرچووانە دابنێت كە بوونەتە هەڕەشەیەكی ڕاستەقینە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان و عێراق بە گشتی و لە ئەنجامی پەلامار و هێرشە ناڕەواكانیان، دەیان كەس بوونەتە قوربانی و زیانێكی زۆر بە هەرێمی كوردستان و عێراق بە گشتی كەوتووە.