راچڵەكین -
وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لەوەدەكەن هێزەكانی پێشمەرگە دەستیان هەبووە لە هێرشكردنە سەر بارەگایەكی حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای سەلاحەدین، راگەیاندراوێك بڵاودەكاتەوەو رایدەگەیەنێت: پێشمەرگە بە هیچ شێوەیەك بەشێك نییە لەو گرژی و ململانێ سەربازییانەی لە ناوچەكەدا هەن.
لە راگەیەندراوەكەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە، "ئەمڕۆ لە چەند كەناڵ و پەیجێكی ڕاگەیاندندا، هەواڵێكی ناڕاست بڵاوكراوەتەوە كە گوایە هێزەكانی پێشمەرگە دەستیان هەبووە لە هێرشكردنە سەر بارەگایەكی حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای سەلاحەدین".
وەزارەتەكە جەختی لەوەكردووەتەوە كە تەواوی ئەم دەنگۆ و هەواڵانە بە توندی ڕەتدەكەینەوە و رایدەگەیەنین كە هێزی پێشمەرگە بە هیچ شێوەیەك بەشێك نییە لەو گرژی و ململانێ سەربازییانەی لە ناوچەكەدا هەن، پێشمەرگە بەشداریی هیچ جۆرە كردەیەكی سەربازیی دژ بە هیچ لایەنێك نەكردووە.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، "ئەركی سەرەكی هێزەكانی پێشمەرگە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرییە و پابەندین بە هەماهەنگی و كاری هاوبەش لە گەڵ هێزە ئەمنیە عێراقیەكاندا".