راچڵەكین-
سەرۆكی ئەمەریكا دەڵێت، ئێران ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ دانوستان لەسەر ئاگربەست بەڵام لەئێستادا ئەمریكا ئامادە نییە ڕێككەوتنێك ئەنجامبدات، چونكە مەرجەكانی دانووستان بەپێی پێویست لەبەردەست نین.
دۆناڵد ترەمپ، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ كەناڵی ئێن بی سی، ڕوونیكردەوە، هەر ڕێككەوتنێك بێتە ئاراوە دەبێت "زۆر بەهێز" بێت. ئاماژەی بەوەشكرد، یەكێك لە مەرجە سەرەكییەكانی ئەو رێككەوتنە وازهێنانی تەواوەتی ئێران دەبێت لە خواستە ئەتۆمییەكانی.
لەبەشێكی تری قسەكانیدا ترەمپ، ووتی هێرشەكانی ئەمریكا بۆ سەر دوورگەی خارگی ئێران "زۆربەی دوورگەكەی لەناوبردووە". جەختی لەوەشكرد، ئەگەر پێویست بكات واشنتۆن هێرشی زیاتر ئەنجام دەدات.
لەبارەی گەرووی هورمزو كاریگەری داخستنی لەسەر بەرزبوونەوەی نەوت لەجیهاندا، سەرۆكی ئەمریكا جەختی لەوەكرد، واشنتۆن لەگەڵ چەند وڵاتێك كار لەسەر پلانێك دەكەن بۆ دەستەبەركردنی ڕێڕەوێكی ئارام لەگەرووەكە لەبەر ڕۆشنایی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهاندا. ئامادەیی هەندێك وڵاتیشی نیشاندا بۆ بەشداریكردن لە پاراستنی ئەو ڕێڕەوە دەریاییە گرنگە.
لەبارەی دۆخی ئێستای جەنگ، دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەكرد، هَرشەكانی ئەمریكا زۆربەی توانا مووشەكی، درۆن و ئەو دامەزراوانەی دروستی دەكەن لەناو بردووە، تا ئەو كاتەی پێویستیش بكات كردە سەربازییەكاین ئەمریكا دژی ئێران بەردەوامی دەبێت.
هاوكات ترەمپ سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا لەبەئامانجگرتنی وڵاتانی ئیمارات، بەحرێن، سعودیەو قەتەڕ لەلایەن ئێران و رایگەیاند، ئەو وڵاتانە نایاب بوون لە پشتیوانیكردنی چالاكییەكانی ئەمریكا.