راچڵەكین -
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رەزامەندی دەربڕی لەسەر دروستكردنی هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بۆ وارسی شەهیدانی كیمیابارانی هەڵەبجە، 64 بەركەوتووی چەكی كیمیاییش چارەسەریان بۆ دەكرێت.
ئەمڕۆ یەكشەممە 15-3-2026، دیوانی پارێزگای هەڵەبجە، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە لە درێژەی هەوڵە بەردەوامەكانی نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە بۆ خزمەتكردنی زیاتری كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و بەركەوتووانی چەكی كیمیایی، دوو دەستكەوتی گرنگ و ستراتیژی بۆ پارێزگاكە چوونە بواری جێبەجێكردنەوە، كە دەرەنجامی بەدواداچوونە بەردەوامەكانی پارێزگار بوو لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەكان.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، رەزامەندیی فەرمیی ئەنجومەنی وەزیران وەرگیرا بۆ دەستپێكردنی پڕۆژەی دروستكردنی هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بۆ وارسی شەهیدانی كیمیابارانی هەڵەبجە، بە مەبەستی دابینكردنی ژیانێكی شایستە و چارەسەركردنی كێشەی نیشتەجێبوونیان.
هاوكات لەگەڵ ئەم پڕۆژەیە، هەوڵەكانی پارێزگاری هەڵەبجە بەرهەمی هەبوو لە بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی فەرمیی ئەنجومەنی وەزیران بۆ چارەسەركردنی 64 بەركەوتووی چەكی كیمیایی.
پارێزگاری هەڵەبجە دووپاتیكردووەوە كە خزمەتكردنی كەسوكاری شەهیدان و بەجێگەیاندنی بەڵێنەكان بەرامبەر بەم شارە، گەورەترین ئەركی سەرشانیەتی و بەردەوام دەبێت لە كاركردن بۆ بەدەستهێنانی تەواوی مافە ڕەواكانیان.