راچڵەكین -
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەبارەی هەناردەكردنی نەوتی عیراق بۆ بەندەری جەیهان روونكردنەوەیەكی بڵاودەكاتەوەو رایدەگەیەنێت: وەزارەتی نەوتی عیراق بابەتەكەیان شێواندووە و هەوڵی تۆمەتباركردنی هەرێمی كوردستانیان داوە بۆ چەواشەكردنی رای گشتی.
دەقی روونكردنەوەكە:
ڕوونكردنەوەیەك بۆ ڕای گشتی هەرێمی كوردستان و عێراق
وەزارەتی نەوتی عێراق بەیاننامەیەكیان بلاوكردووەتەوە كە گوایا هەرێمی كوردستان ئامادە نیە نەوت بە ڕێگەی بۆڕی بۆ بەندەری جەیهانی توركیا هەناردە بكات. بۆ ڕای گشتی ئەم خالانەی خوارەوە ڕوون دەكەینەوە:
١- ئەوەی ڕاستی بێت لە بەیانەكەدا هەموو ڕەهەندەكانی كێشەكە باس نەكراون و بابەتەكەیان شێواندووە و هەوڵی تۆمەتباركردنی هەرێمی كوردستانیان داوە بۆ چەواشەكردنی رای گشتی.
٢- حكومەتی ئێستای بەغدا لە مانگی یەكەوە ئابلوقەیەكی خنكێنەری بە بیانووی جێگیركردنی سیستەمی ئەسیكۆدا خستووەتە سەر هەرێمی كوردستان و ڕێگە نادات دۆلار بۆ بازرگانەكانی كوردستان بەردەست بێت و لەو كاتەوە، هیچ جوڵەیەكی بازرگانی نەماوە و ئامادە نیە كاتی پێویست بۆ هەرێم تەرخان بكات بو جێگیركردنی سیستەمەكە، كە هەر لە سەرەتای ئەم قەیرانەوە داوامان كردووە.
٣-میلیشیاكانی لە یاسا دەرچوو، هەموو كێڵگە و پالاوگەكانی نەوت وگاز و وزەی هەرێمیان كردووەتە ئامانج و لە ئەنجامی ئەم هێرشە تیروریستیانەدا، بەرهەمهێنان وەستاوە و هیچ بەرهەمێكی نەوتی نەماوە لە كوردستان تا هەناردەی دەرەوە بكرێت.
٤- بەغدا ئامادە نیە ڕووبەڕووی ئەو هێرشە تیروریستیانە ببێتەوە كە دەكرێنە سەر هەرێمی كوردستان و رێگرییان لێ بكات. تا ئێستا هیچ رێكارێكی كاریگەر بەدی ناكرێت بۆ وەستاندنی ئەم هێرشانە.
٥- بەشێكی زوری ئەم هێرشبەرانە لە بەغدا مووچە وەردەگرن و پڕچەك كراون و پارەدار دەكرێن، لە كاتێكدا كە مووچەی خەڵكی كوردستان هەمیشە دوا دەكەوێت و كەمتر لە گوژمەی پێویست دەنێردرێت.
٦- هەرێمی كوردستان بە هەموو شێوەیەك ئامادەیی خوی دەربڕیوە كە عێراق و هەرێمی كوردستان لەم قەیرانە دەرباز بكات و ئەمە چەندین جارە داوا لە بەغدا دەكەین گفتگۆیەكی بنیادنەر بوچارەسەری كۆی ئەم كێشانە دەست پێ بكرێت، بەڵام داواكاری ئێمە پشتگوێ خراوە و هەوڵ دراوە ئەجندای نادەستوری و نایاسایی لە سەر هەرێم بسەپێندرێت.
جارێكی دیكەش دووپاتی دەكەینەوە كە ئامادەین بۆ ئەوەی هەرچی زووتر، تیمە بسپۆرەكان لە سەر ئەم خاڵانەی جێی ناكۆكین دانیشتن بكەن و بگەینە ئەنجامێكی خێرای وا كە هەموو عێراق لیێ سوودمەند بێت و كوردستانیش چیتر ستەمی لێ نەكرێت.