دەرباز كۆسرەت ڕەسول: پێویستە هەڵەبجەو هەڵەبجەییەكان بە خزمەتكردنی زۆر زیاتر پاداشت بكرێن

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 42

راچڵەکین-

دەرباز كۆسرەت ڕەسول، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لەساڵیادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا داوا دەكات بەگیانی بەرپرسیارێتییەوە كێشەو ناكۆكیییەكان لەهەرێمی كوردستان چارەسەربكرێن.

دەرباز كۆسرەت ڕەسول، لە 38 هەمین ساڵیادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا، پەیامێكی بڵاوكردەوە كە تێیدا ئاماژەی بەوەكردووە، بكەرانی ئەو جینۆسایدە.. ئەو تاوانە نا مرۆڤانەیە ناخ هەژێنە، ئێستا لەكوێن؟! بێگومان باجی تاوانەكانیان وەرگرت و ناویشیان لە لاپەڕە ناشیرین و رەشەكانی مێژوودا بۆ هەتا هەتایە وەك تاوانبار دەمێنێتەوە. 

"پێویستە هەڵەبجەو هەڵەبجەییەكان بە خزمەتكردنی زۆر زیاتر پاداشت بكرێن، زامی قوڵی بریندارەكان هێشتا تەواو سارێژنەبووە، كەسوكاری شەهیدانی كیماباران هێشتا قەتماغەی ئەوبڕینانەیان لەدڵدا ماوە. ئەمەش هەوڵی جدیترو ئاوڕدانەوەی جدی تری گەرەكە تا ئاسەواری ئەو جینۆسایدەی كرایەسەر میللەتەكەمان كاڵتر بكەینەوە." دەرباز كۆسرەت رەسول وا دەڵێت.

دەرباز كۆسرەت ڕەسول، لە كۆتایی پەیامەكەیدا جەخت دەكات لە گیانی لێبووردەیی و یەكڕیزی و پێكەوە ژیانی ئاشتیانە لە ریزەكانی گەلی كورد، بەپێویستی دەزانێت بەگیانی بەرپرسیارێتییەوە كێشەو ناكۆكیییەكان چارەسەربكرێن بۆئەوەی بە یەك دەنگ رووبەڕووی مەترسییەكان ببنەوەو سەقامگیری بگەڕێتەوە بۆ ناوچەكە. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن