پۆلیسی هەولێر لەبارەی گیانلەدەستدانی مامۆستاکەی زانکۆوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 271

راچڵەکین-
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر راگەیەندراوێکی لەبارەی رووداوەکەی ئەمڕۆی گەڕەکی شۆڕشەوە بڵاوکردەوە کە تیایدا مامۆستایەکی زانکۆ گیانی لەدەستدابوو.

دەقی راگەیەندراوەکەی پۆلیسی هەولێر:
ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتی (١٦-٣-٢٠٢٦) دوای ئەوەی لە گەڕەکی (ئاری - شۆڕش) لە شاری هەولێر ئاگر لە ماڵێک کەوتەوە، دەستبەجێ تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوت کە مامۆستایەکی زانکۆ بەناوی (دکتۆر دلێر ساڵح) کە سەرۆکی بەشی زانستی کۆمپیوتەر بوو لە کۆلێژی زانستی زانکۆی سەڵاحەددین، کوژراوە و تەرمەکەی و ماڵەکەشی سوتێنراوە، بۆیە هەر زوو توانیمان ناسنامەی تۆمەتبار دەستنیشان بکەین بەناوی (ز. ع. ح. ع) خەڵکی دیالە لەدایکبووی (٢٠٠٥).
بە گوێرەی بەدواداچوونەکانمان تۆمەتبار دوای کوشتی (دکتۆر دلێر) ئۆتۆمبێلەکەشی بردووە و کاتژمێر (٣٩: ١٢) خولەک هەولێری جێهێشتووە.
دوای وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی فیدراڵ بەتایبەت بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای کەرکووک و دیالە، کاتژمێر (٣٠: ٥) خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ تۆمەتبار لە بازگەی (خان بەنی سەعد) لە دیالە بە خۆی و ئۆتۆمبێلەکەوە دەستگیر کرا.
دواتریش هەماهەنگی کرا بۆ ئەوەی تۆمەتباری بکوژ بۆ گرتنەبەری ڕێکارە یاساییەکان ڕادەستی دادگا بکرێت.

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن