راچڵەکین-
سەرکەوتنی موجتەبا خامنەیی بۆ پۆستی ڕێبەری باڵای نوێی ئێران، ڕێگایەکی تەخت یان حەتمی نەبوو، بەڵکو دوای ململانێیەکی ئاڵۆز لەسەر جێنشینی لە ناو کۆڕ و کۆمەڵەکانی ڕژێمی ئێراندا ئەو بڕیارە درا.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی، دوو بنەماڵەی دەستڕۆیشتوو کە خامنەیی و خومەینین، لەگەڵ کەسایەتییە سیاسی و سەربازییە دیارەکان، کێبڕکێیان لەسەر جێنشینی دەسەڵات دەکرد.
هەڵبژاردنی سێیەمین ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە بارودۆخێکی نائاساییدا هات، کە هاوکات بوو لەگەڵ جەنگێکی کراوە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، ئەوەش دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشوو، لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەو دوو وڵاتە بۆ سەر تاران لە رۆژی 28ی شوبات.
لە ژێر سێبەری کەوتنی بۆمبەکان و زیادبوونی تەقینەوەکاندا، پڕۆسەی هەڵبژاردنی جێنشینێک کە خاوەنی دەسەڵاتی ڕەهای ئایینی، سیاسی و سەربازی بێت، بوو بە تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینە بۆ توانای بەردەوامبوونی ڕژێمی 47 ساڵەی ئێران.
وردەکارییەکانی ئەوەی لە پشت پەردە ڕوویدا، پشت دەبەستێت بە چاوپێکەوتن لەگەڵ پێنج بەرپرسی باڵای ئێران و دوو پیاوی ئایینی، جگە لە دوو کەسی پەیوەندیدار بە نووسینگەی ڕێبەر و سێ ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران کە ئاگاداری پرۆسەی هەڵبژاردنەکە بوون، بەپێی ئەم گێڕانەوانە، موجتەبا خامنەیی کاندیدێکی ئاسایی نەبوو بۆ جێنشینی باوکی، عەلی خامنەیی سێ ناوی ئەگەریی بۆ جێنشینی پێشکەشی بازنە نزیکەکانی خۆی کردبوو، کوهیچ کام لەو کاندیدانەش کوڕەکەی خۆی نەبوو
کۆبوونەوە نهێنییەکان لە ٣ی ئازاردا
ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەری، کە لە ٨٨ پیاوی ئایینی پێکهاتووە و بەپێی دەستوور بەرپرسیارە لە هەڵبژاردنی ڕێبەری باڵا، کۆبوونەوەیەکی نهێنی و مەجازییان بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی دەنگدان ئەنجامدا، پرۆسەکە پێویستی بەوە بوو کاندیدەکە دوو لەسەر سێی دەنگەکان بەدەستبهێنێت.
کۆبوونەوەکە چەند کاتژمێرێک دوای بۆردومانێکی ئیسرائیل هات کە بارەگای ئەنجومەنەکەی لە شاری قوم کردە ئامانج، کە زۆرێک لە پیاوانی ئایینی لێ نیشتەجێن و لە حەوزە شیعەکاندا وانە دەڵێنەوە، بۆردومانەکە بووە هۆی کوژرانی ژمارەیەک فەرمانبەری کارگێڕی، لە دوای کوژرانی عەلی خامنەییەوە کوتلە سیاسییە ڕکابەرەکان و سەرکردەکانی ناو سوپای پاسداران دەستیان بە جووڵە کرد بۆ بەهێزکردنی هەلی کاندیدەکانیان و دەستەبەرکردنی پێگەی نفوزی خۆیان.
دابەشبوون لە نێوان توندڕەوەکان و میانڕەوەکاندا
ڕەوتی توندڕەو لە ناو ڕژێمدا فشاریان دەکرد بەرەو هەڵبژاردنی کەسایەتییەک کە بەردەوامیی سیاسەتە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی پێشوو گەرەنتی بکات و هەڵوێستێکی پڕ لە تەحەدا لە بەرامبەر بانگەوازە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بۆ گۆڕینی ڕژێم بگرێتە بەر، لە بەرامبەردا، ڕەوتی میانڕەو داوای هەڵبژاردنی سەرکردەیەکی نوێی دەکرد بە شێوازێکی جیاواز، لەگەڵ کۆتاییهێنان بە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کردنەوەی لاپەڕەیەکی سیاسی نوێ.
موجتەبا خامنەیی پشتیوانییەکی بەهێزی لەلایەن سەرکردایەتییەکانی سوپای پاسدارانەوە لێکرا، لەوانە ئەحمەد وەحیدی فەرماندەی گشتی سوپا، محەمەد عەلی عەزیز جەعفەری ستراتیژیستی سەربازی، محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمان و فەرماندەی پێشووی سوپا، جگە لە حوسێن تائیب سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگری سوپای پاسداران.
ناڕەزایەتیش لەلایەن کەسایەتییە دیارەکانەوە دەرکەوت، کە دیارترینیان عەلی لاریجانی سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بوو، لاریجانی پێی وابوو وڵات پێویستی بە کەسایەتییەکی میانڕەو هەیە کە توانای یەکخستنی ناوماڵی هەبێت و هۆشداری دا لەوەی موجتەبا خامنەیی ڕەنگە ببێتە کەسایەتییەک کە ببێتە هۆی لێکترازان، هاوکات مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران و ژمارەیەک بەرپرس و پیاوی ئایینی چوونە ناو بەرەی ئۆپۆزسیۆنەوە.
میانڕەوەکان کاندیدی جێگرەوەیان پێشنیار کرد، لەوانە حەسەن ڕۆحانی سەرۆکی پێشوو کە لە ساڵی ٢٠١٥ سەرکردایەتی دانوستانەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا کرد و حەسەن خومەینی نەوەی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی ئایەتوڵڵا ڕووحوڵڵا خومەینی، عەلی ڕەزا ئەعرافی، لەناو ئەو کاندیدانەشدا زانای ئایینی، بژاردەیەکی تەوافوقی بوو.
یەکلاکردنەوەی دەنگدان لەگەڵ بەردەوامبوونی گفتوگۆکان، توڕەیی لە ناو دامەزراوە سیاسی و ئایینییەکانی ئێران بەرامبەر بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل زیادی کرد.
ئەم توڕەییە ئاراستەیەکی بەهێز کرد بەرەو هەڵبژاردنی سەرکردەیەک کە نوێنەرایەتی بەردەوامیی ڕێبازی ڕێبەری پێشوو بکات، لە گەڕی یەکەمی دەنگدان لە ٣ی ئازاردا، موجتەبا خامنەیی زۆرینەی پێویستی (دوو لەسەر سێ)ی دەنگەکانی بەدەستهێنا، ئەمەش ڕەنگدانەوەی باڵادەستیی هەژموونی سوپای پاسداران بوو لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکەدا.
بڕیار بوو ئەنجامەکە بەرەبەیانی ٤ی ئازار ڕابگەیەنرێت، بەڵام عەلی لاریجانی ڕاگەیاندنەکەی بە شێوەیەکی کاتی ڕاگرت. لاریجانی هۆشداری دا لەوەی ئاشکراکردنی ناسنامەی ڕێبەری نوێ ڕەنگە بیکاتە ئامانجێکی ڕاستەوخۆی تیرۆرکردن لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیل.
هەوڵەکان بۆ پەکخستنی بڕیارەکە بەرەی میانڕەو دواخستنی ڕاگەیاندنەکەی قۆستەوە بۆ هەوڵدان بۆ دووبارە چاوخشاندنەوە بە بڕیارەکە، بە پشتبەستن بە پاساوێکی دەستووری کە دەڵێت دەبێت دەنگدان بە ئامادەبوونی کەسی بێت نەک لە رێگەی ئۆنلاینەوە، دوو لە یاریدەدەرە باڵاکانی عەلی خامنەیی شایەتیدانێکیان پێشکەش کرد و وتیان ڕێبەری کۆچکردوو ڕەتیکردبووەوە یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی ببێتە جێنشینی، ئەو پێی وابوو میراتگریی دژ بە پرەنسیپەکانی شۆڕشی ئیسلامییە کە لە ساڵی ١٩٧٩دا ڕژێمی پاشایەتیی ڕوخاند، وەسیەتنامەیەکی نووسراویان بە هەمان ناوەڕۆک پێشکەش کرد و داوایان لە ئەنجومەن کرد دەنگدانی یەکەم هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام سەرکردەکانی سوپای پاسداران بە خێرایی جووڵان بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەم هەوڵە.
دەستوەردانی سوپای پاسداران
لە ٧ی ئازاردا، مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران ڕاگرتنی هێرشەکانی ئێرانی بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی کەنداو ڕاگەیاند و داوای لێبووردنی لێکردن، ڕوونیکردەوە کە بڕیارەکە لەلایەن ئەنجومەنێکی گواستنەوەی کاتییەوە دراوە کە کاروباری وڵات بەڕێوە دەبات تا هەڵبژاردنی ڕێبەری نوێ، ئەم ڕاگەیاندنە توڕەیی سەرکردەکانی سوپای پاسدارانی لێکەوتەوە کە سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان دەکرد و پاڵپشتی کاندیدکردنی موجتەبا خامنەییان دەکرد.
لە دوای ئەوە، سەرکردەکانی سوپای پاسداران فشاریان خستە سەر ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەری بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی نوێ و دەنگدانی کۆتایی، حوسێن تائیب پەیوەندی بە هەموو ٨٨ ئەندامەکەی ئەنجومەنەوە کرد بۆ هاندانیان بۆ پشتگیریکردنی خامنەیی، و دەنگدانی بە ئەو، بە "ئەرکێکی ئایینی و ئەخلاقی" وەسف کرد.
لە ٨ی ئازاردا، ئەنجومەنەکە کۆبوونەوەیەکی نوێی بەهەمان شێوە لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە ئەنجامدا. دەنگدان دووبارە لە ڕێگەی کارتی نهێنییەوە ئەنجامدرا کە لەلایەن نێردراوەکانەوە بۆ لێژنەی جیاکردنەوەی دەنگەکان گوازرانەوە.
موجتەبا خامنەیی ٥٩ دەنگی لە کۆی ٨٨ دەنگ بەدەستهێنا، کە ئەمەش زیاترە لە زۆرینەی دوو لەسەر سێی پێویست.
پێش نیوەشەو، میدیا فەرمییەکان ڕایانگەیاند، کە ئێران بووەتە خاوەنی ڕێبەرێکی باڵای نوێ، دوای ئەوە بەیاننامەکانی پیرۆزبایی و ڕاگەیاندنی دڵسۆزی لە دامەزراوە جیاجیاکانی دەوڵەتەوە دەستیپێکرد، تەنانەت لە لایەن هەندێک لەو کەسایەتییانەی کە لە سەرەتادا دژی سەرکەوتنی بوون. سەرەڕای ڕاگەیاندنی فەرمی، موجتەبا خامنەیی تا ئێستا بە ئاشکرا دەرنەکەوتووە.