" نەدەبوو پارتی ئەم كارە لەگەڵ یەكێتی بكات... خۆمان ئیعتراف دەكەین"

کوردستان

18/05/2020     ژمارەی بینراو 17684

راچڵەكین-

سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، نەدەبوو پارتی بروسكە بۆ یەكێتی نەنێرێت كە سەركردایەتی تازە هەڵبژێردرا پیرۆزباییان لێ نەكەین، ئەمە خۆمان "ئیعتراف" دەكەین كە دەبوایە بیكەین.

فازڵ میرانی، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان حزبەكەیی و یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەڵێت:" پەیوەندی پارتی و یەكێتی، پەیوەندیەكی ستراتیژییە ئەگەر لەڕووی مەسەلەی نەتەوایەتی و دەستكەوتی بزاڤی ڕزگاری خوازی كوردستانەوە سەیری بكەین، سەر هەوراز و سەر نشێو هەیە لەو پەیوەندیەدا، خۆ لە شەڕی ناوخۆی "شوم" خراپتر نەبووە پەیوەندییەكانی ئێمە."

سەبارەت بەوەی ئایا پارتی دیموكراتی كوردستان دان بەسەركردایەتی نوێی یەكێتی-دا دەنێت؟ میرانی وتی"با بە كورتی و بە كرمانجی پێت بڵێم، ئەو دۆخەی لەناو خودی یەكێتی دا هەبوو پێش كۆنگرە وای لێكردبوو كە هەندێك پەیوەندیەكانی پارتی و یەكێتی سارد ببنەوە، وە ئەو سارد-یەش بوو بەهۆكاری نە برایانی یەكێتی ئێمەیان بانگهێشت كرد بۆ كۆنگرەی خۆیان، نە ئێمەش نامەیەك یان بروسكەیەكمان كرد بۆ كۆنگرەكەیان كە من دەڵێم حەق بوو ئێمە بروسكەیان بۆ بكەین، ئەوان بانگهێشتیان نەكردیین، بانگهێشتی خەڵكی تریان كردبوو، وتیان ئێمە بانگهێشتی كەس ناكەین كەچی ئێمە لە تەلەفزیۆن خەڵكی ترمان بینی وەكو میوان، ئەو مافەمان لەسەریان هەبوو لەمیوانەكانی تر لەپێشتر بووین بەڵام نەدەبوایە ئێمە بروسكەیان بۆ نەنێرین یان كە سەركردایەتی تازە هەڵبژێردرا پیرۆزباییان لێ نەكەین ئەمە خۆمان "ئیعتراف" دەكەین كە دەبوایە بیكەین بەڵام بۆ نەمانكرد‌ووە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هۆكارانەی پێشتر، ئێستاش كە ئەوەمان نەكردووە مانای ئەوە نییە كە ئەم دابڕانە بەردەوام دەبێت."

میرانی، جەختی لەوەكرد: " ئێمە مامەڵە لەگەڵ سەركردایەتی نوێی یەكێتی دەكەین، هەرچی "دەرهاوێژەكەی" كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی هاتۆتەوە، ئێمە ئەوە بە سەركردایەتی یەكێتی دەزانین، وە دیسان دووبارە پیرۆزبایی لە سەركردایەتی تازە دەكەین بە هاوسەرۆكەكانیشەوە، ئێمە مامەڵە لەگەڵ ئەو سەركردایەتیە نوێەی یەكێتی دەكەین. برادەرێك وەكو كردار و پەرچەكردارێك گوزارشت لێكدەداتەوە ئەمە گوزارشت لە بۆچوونی رەسمی پارتی دیموكراتی كوردستان ناكات."

میرانی، لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا بۆ كۆبونەوەی نێوان پارتی و یەكێتی، پارتی چاوەڕێی دەستپێشخەری یەكێتین یا خۆتان دەستپێشخەری دەكەن؟ووتی:" كێ دەستپێشخەری بكات ئەوە جوامێرە، كاتی خۆی "عومەر شێخ موس یادی بەخێر بێت" دەیوت بەرپرسانی ئێمەی كورد لەبەغدا سیاسەت ناكەن جوامێری دەكەن، من پێم باشە هەردوو لامان جوامێری بكەین چونكە ئەمە خزمەتە بۆ میللەتی خۆمان، وە جوامێری لەنێوان پارتی و یەكێتی دا ئاسایشی خەڵكی كوردستان سەقامگیر دەكات وە خەڵكیش چاوەڕوانی ئەمە لە ئێمە دەكەن، ئەمە نابێتە كێشە."

سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دەڵێت:" خودا یارمەتیمان بدات دوای جەژن هەردوو مەكتەبی سیاسی كۆدەبنەوە وە دوای ئەو كۆبوونەوەی مەكتەب سیاسی هەوڵ دەدەین كۆبوونەوەیەكی بەرزتر لەوەی مەكتەب سیاسی (كۆبونەوەی لوتكە) بكرێت چونكە نە یەكێتی بەبێ پارتی دەتوانێت بەرهەم و سوود و خۆشی لە "دەرهاویشتەكانی" كۆنگرەكەیان بكەن ، نە ئێمە بەبێ یەكێتی دەتوانیین بڵێن لەسلێمانی حكوم ڕانیین،چونكە ئێمە و یەكێتی تەواوكەری یەكتریین، كوردستان پێویستی بە ئاشتەواییەكی سیاسی هەیە، حیزبە سیاسیەكان پێویستیان بە ئاشتەوایی هەیە، ئەم ئەحزابانە كە پێكەوە بن جۆرێكە لە وەفا بۆ میللەت، میللەتی ئێمە میللەتێكی پاكە، پشتیوانی ئێمە دەكەن لە یەكڕیزی."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن