راچڵەکین-
شارەزایەکی کەشناسی رایدەگەیەنێت، شەپۆلە بەهێزەکانی بارانبارین بە درێژایی ئەم مانگەو تەنانەت تا سەرەتای مانگی داهاتوو لە ناوچەکانی هەرێمی و عێراق و وڵاتانی ناوچەکە بەردەوامییان دەبێت.
ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشناسی، ڕایگەیاند: شەپۆلە بەهێزەکانی بارانبارین بە درێژایی ئەم مانگە و تەنانەت تا سەرەتای مانگی داهاتوو لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و وڵاتانی ناوچەکە بەردەوامییان دەبێت، ئەم بارودۆخە کە بەهۆی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆکانی دەریای سوور و ناوەڕاستەوە دروست بووە، لە چەندین ساڵی ڕابردوودا وێنەی نەبووە و پێشبینی دەکرێت بڕی بارانبارین لە هەندێک ناوچەدا بگاتە 500 بۆ 600 ملیمەتر، کە یەکسانە بە ڕێژەی بارانی ساڵێکی تەواوی ئەو شوێنانە
ئاماژەی بەوەشکرد: بۆ ئەمڕۆ و سبەی شەممە کە هاوکاتە لەگەڵ دووەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان، ناجێگیری لە کەشوهەوادا بەردەوام دەبێت و لە کات و شوێنی جیاجیادا تاوەبارانی بەخوڕ و تەرزە و هەورەبروسکە دروست دەبێتەوە، بەتایبەتی لە نێوان کاتەکانی نیوەڕۆ بۆ ئێوارەدا کاریگەرییەکان لەسەر بەرگەهەوا زیاتر دەبن.
باسی لەوەشکرد: بۆ ڕۆژی یەکشەممە کە سێیەم ڕۆژی جەژنە، شەپۆلەکە جارێکی دیکە چالاک دەبێتەوە و بارانی بەخوڕ سەرجەم ناوچەکان دەگرێتەوە، ئەم بارودۆخە تا کاتەکانی شەو بە بەهێزی دەمێنێتەوە و لەگەڵیدا بای باشووری ڕۆژهەڵات بە خێرایی 15 تا 30 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا چالاک دەبێت، لە کاتێکدا پلەکانی گەرما بە جێگیری دەمێننەوە.
ئاراس جەبار وتووشیەتی: لە ڕۆژانی 23 و 24ی مانگدا، کاریگەری ئاراس نزمەپاڵەپەستۆکان تا ڕادەیەک لاواز دەبێت و کەشوهەوا بەرەو جێگیری دەچێت، هەرچەندە ئەگەری تاوەبارانی کورتخایەن لە هەندێک شوێن دەمێنێتەوە و پلەکانی گەرماش بە ڕێژەی 2 تا 3 پلە بەرز دەبنەوە. بەڵام ئەم ئارامییە زۆر ناخایەنێت و لە ڕۆژی چوارشەممە 25/3/2026ـەوە شەپۆلێکی نوێ و بەهێزتر دەست پێ دەکاتەوە و لە شەپۆلی نوێدا ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە و کاریگەرییەکەی تا 27ی مانگ بە بەهێزی دەمێنێتەوە.