راچڵەكین -
سەرۆكی حكومەتی هەرێم و نوێنەری ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان، پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و گفتوگۆیان لەبارەی چەند پرسێك كرد، لەوانەش هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی بۆریی هەرێمی كوردستانەوە بۆ توركیا.
ئەمڕۆ یەكشەممە 22-3-2026، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم و مایكڵ واڵتز، نوێنەری ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان، پەیەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و بەگوێرەی راگەیەندراوێكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، گۆڕانكاریی و پەرەسەندنەكانی ئەم دواییەی هەرێمی كوردستان و عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان تاوتوێ كرد.
لە بەشێكی دیكەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، گفتوگۆیان لەبارەی كاریگەرییەكانی قەیرانی ئابووری لەسەر هەرێمی كوردستان و عێراق و ڕێگەدان بە هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی بۆریی هەرێمی كوردستانەوە بۆ توركیا كرد، وەك هەنگاوێك بۆ یارمەتیدان و كەمكردنەوەی بارگرانیی دۆخی دارایی.
هەردوولا جەختیان لە گرنگی بەهێزتركردنی پەیوەندییەكانی ئەمەریكا و هەرێمی كوردستان كردەوە.