راچڵەكین-
حكومەتی عیراق بڕیاریداوە، لەئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵتی سكاڵای فەرمی تۆمار بكات لە دژی هێرشەكانی سەر حەشدی شەعبی و سوپا و پێشێلكردنی سەروەری وڵاتەكە.
سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی ئاداری 2026 لەڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، سەرەڕای هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەكانی بۆ دوورخستنەوەی عیراق لە ململانێ هەرێمییەكان:" بەیانی ئەمڕۆ هێرشێكی ناڕەوا كرایە سەر مەڵبەندی تەندروستی سەربازی حەبانییە كە بووە هۆی كوژران و برینداربوونی ژمارەیەك لە سەربازانی سوپای عیراق".
"ئەم كارە تاوانێكی تەواوە و پێشێلكارییەكی روونی یاسا نێودەوڵەتییەكانە، زیان بە پەیوەندی نێوان گەلی عیراق و ئەمریكا دەگەیەنێت:"حكوومەت و هێزە چەكدارەكان مافی وەڵامدانەوەیان بە هەموو ئامرازە بەردەستەكان بەگوێرەی یاسا رێگاپێدراوەكان هەیە. " سەباح نوعمان وا دەڵێت
وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، ئاشكرایكرد: "محەممەد شیاع سوودانی، وەزارەتی دەرەوەی راسپاردووە بۆ بانگهێشتكردنی هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عیراق رادەستكردنی یاداشتێكی ناڕەزایەتی فەرمی و توندە بەرانبەر پێشێلكردنی سەروەریی عیراق".