راچڵەكین -
وەزارەتی دەرەوەی عیراق وەڵامی راگەیەندراوە هاوبەشەكەی وڵاتانی كەنداو دەداتەوەو رایدەگەیەنێت: هەر جۆرە هێرشێك بۆسەر ئوردن و وڵاتانی كەنداو رەتدەكەینەوەو ئاسایشی ئەو وڵاتانەش بە بەشێك لە ئاسایشی نەتەوەیی عیراق دەزانین.
وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ پێنجشەممە 26-3-2026 بڵاویكردەوە، جەختی لەوەكردووەتەوە كە حكومەتی عیراق بە توندی هەر جۆرە هێرش و پەلامارێك كە وڵاتانی كەنداو و ئوردن بكاتە ئامانج، رەتدەكاتەوەو پابەندیشین بە سیاسەتێكی هاوسەنگ و بنیاتنانی پەیوەندییەكانی دەرەوە لەسەر بنەمای رێزگرتن و هاوكاریی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و جیهان.
وەزارەتی دەرەوەی عیراق ئاماژەی بەوەشكردووە كە ئاسایشی وڵاتانی عەرەبی بە بەشێكی دانەبڕاو لە ئاسایشی نەتەوەیی خۆمان دەزانین، سەقامگیریی ناوچەكەش لە بەرژەوەندیی هەموو گەلانی ناوچەكەدایە.
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، حكومەتی عیراق بەپێی دەستوور و یاسا، رێكاری پێویست دەگرێتەبەر بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئاڵنگارییە ئەمنییەكان، هێزە ئەمنییەكانیش بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دۆست و برا زانیاریی ئاڵوگۆڕ دەكەن سەبارەت بە هەر هێرش و بەئامانجگرتنێك كە لەخاكی عیراقەوە دژ بە وڵاتانی دراوسێ ئەنجام بدرێت.
راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی عیراق لەدوای یاداشتە هاوبەشەكەی وڵاتانی كەنداو دێت بۆ راگرتنی هێرشی گروپە چەكدارەكانی عیراق كە وڵاتانی دراوسێ دەكاتە ئامانج.