راچڵەكین-
سبەینێ چوارشەممە 1ی نیسانی 2026 لەسەرجەم دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان پشووی فەرمییە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی بڵاویكردووەتەوە، رۆژی چوارشەممە، 1ـی نیسانی 2026، بەپێی رۆژمێری فەرمیی حكومەت و بەبۆنەی سەری ساڵی بابلی ئاشووری-بابلی كلدانی (ئەكیتۆ)، لە سەرجەم دامودەزگا فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان پشووی فەرمی دەبێت.
ئەوەش ڕوونكراوەتەوە، لە دامودەزگا خزمەتگوزارییەكاندا دەوام بەشێوەی ئێشكگری بەردەوام دەبێت و رۆژی پێنجشەممە، 2ی نیسانی 2026، دەوامی فەرمی دەستپێدەكاتەوە.
لە هەرێمی كوردستان بە فەرمی 1ـی نیسانی هەموو ساڵێك كراوەتە پشووی فەرمی بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی بابلی ئاشووری، هەروەها ئەم پشووە لە رۆژژمێری پشووەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، جێگیر كراوە و لە ساڵی 1992ـەوە بە فەرمی ئەم جەژنە پیرۆز دەكەن.
جەژنی ئەكیتۆ 12 رۆژ بەردەوام دەبێت و لە هەرێمی كوردستان دا هاووڵاتییانی مەسیحی بە چەندین چالاكی جیاواز لەم جەژنە خۆشی خۆیان دەردەبڕن.