راچڵەكین -
وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ كاروباری دەرەوە لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، هەڵوێستی وڵاتەكەی بەرامبەر بە هێرشەكانی سەر هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند و پشتگیری و هاوسۆزیی تەواوی ئەڵمانیاشی بۆ هەرێمی كوردستان دووپاتكردەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026/4/2 ، جێزا ئەندریاس ڤۆن گایەر، وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ كاروباری دەرەوە، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەنجامدا.
سەرۆكایەتی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا بەرپرسەكەی حكومەتی ئەڵمانیا، هەڵوێستی وڵاتەكەی بەرامبەر بە هێرشەكانی سەر هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند و بە توندییش سەركۆنەی ئەو هێرشانەی كرد كە دەكرێنە سەر هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی بەئامانجگرتنی ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆك. جەختیشیكردەوە كە ئەڵمانیا بە بایەخەوە سەیری سەقامگیریی عیراق و هەرێمی كوردستان دەكات و پشتگیری و هاوسۆزیی تەواوی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە.
لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی پێزانینی بۆ ئەم پەیوەندییە و هەڵوێستی دۆستانەی ئەڵمانیا دەربڕی و جەختی لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان هەمیشە خوازیاری ئاشتی و ئارامی بووە و كار بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە عێراق و ناوچەكەدا دەكات.
سەرۆكی هەرێم سوپاسی هاوكاری و پشتگیرییەكانی ئەڵمانیاشی بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان كرد و خواستی هەرێمی كوردستانی بۆ پتەوكردنی زیاتری هاریكاریی هاوبەش و پەیوەندییەكانی لە هەموو بوارەكاندا، دووپات كردەوە.
دۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان و دوایین پێشهاتەكانی شەڕ و لێكەوتەكانی، تەوەرێكی دیكەی پەیوەندییەكە بوو.