راچڵەكین -
هێزی دەریایی سوید لە دەریای بەڵتیك، دەستی بەسەر كەشتییەكی نەوتهەڵگردا گرت كە بەهۆی لێچوونی نەوتەوە، زیانی بە دەریاكە گەیاندو و گومانیش دەكرێت خاوەندارییەتیەكەی بۆ رووسیا بگەڕێتەوە.
ئەمڕۆ هەینی 3-4-2026، میدیاكانی سوید بڵاویانكردەوە، دوای ئەوەی كەشتییەكی نەوتهەڵگر كە گومان دەكرێت رووسیا خاوەنی بێت، لەكاتی تێپەڕبوونی بە رۆژهەڵاتی دورگەی گوتلان لە دەریای بەڵتیك، بەهۆی لێچوونی نەوتەوە، رووبەرێكی فراوانی دەریاكەی پیسكردبوو، لەلایەن تیمێكی هێزی دەریایی سویدەوە دەستی بەسەرا گیرا.
تیمە سویدییەكە دوای دەستبەسەرداگرتنی كەشتییە نەوتهەڵگرەكە بەناوی (فلۆرا 1)، لێكۆلینەوەیان دەستپێكردووە و تۆمەتی پیسكردنی ژینگەیان ئاڕاستەی تیمی كەشتییەكە كردووە، سەرباری ئەوەی كەشتییەكە سەرپێچی لە سزاكانی یەكێتی ئەوروپا كردووە و نەوتی رووسیای بە قاچاخ باركردووە.
تەلەفزیۆنی فەرمیی سوید ئاشكرایكردووە، هەرچەندە بڕی دوو هەزار لیتر نەوتی خاو لە كەشتییەكە رژاوەتە ناو دەریای بەڵتیك و رووبەری 12 كیلۆمەتری لە دەریاكە پیسكردووە، بەڵام هیچ ئاماژەیەك نییە بۆ روودانی كارەساتی ژینگەیی و نەوتە رژاوەكە ناگاتە كەناراوەكانی سوید.