راچڵەكین -
باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە لوبنان لە پەیامێكی بەپەلەدا داوا لە هاووڵاتیانی وڵاتەكەی دەكات دەستبەجێ خاكی لوبنان جێبهێڵن.
باڵیۆزخانەكە لە پەیامێكدا كە ئەمڕۆ هەینی 3-4-2026 بڵاویكردەوە، هۆشداریداوە لە مەترسییە ئەمنییەكان بەهۆی چڕبوونەوەی هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان، بۆئەو مەبەستەش داوای لە هاووڵاتیانی ئەمریكا كردووە كە ئێستا لە لوبنانن، بەهەر شێوەیەك بێت لەو وڵاتە بچنە دەرەوە.
باڵیۆزخانەی ئەمریكا ئاماژەی بەوە كردووە كە ناوچەكانی باشووری لوبنان و بەتایبەتیش باشووری بەیروتی پایتەخت، زۆر مەترسیدارە و پێویستە لەسەر هاووڵاتیانی ئەمریكا بەهیچ جۆرێك لەو ناوچانە نزیك نەبنەوە.
هۆشدارییەكەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە لوبنان هاوكاتە لەگەڵ چڕبوونەوەی هێرشەكانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر ئەو وڵاتەو بۆردومانكردنی ناوچەكانی باشوور، كە بەپێی ئامارە فەرمییەكانی وەزارەتی تەندروستی لوبنان، زیاتر لە شەش هەزار كوژرا و برینداری لێكەوتووەتەوەو زیانێكی گەورەشی بە ژێرخانی ناوچەكانی باشوور گەیاندووە.