ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر
راچڵەكین -
پارێزگاری هەولێر لەبارەی دانانی پرسە بۆ تاهیر جەلیل حەبوش، سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی سەردەمی رژێمی لەناوچووی بەعس، كە لەشاری هەولێر كۆچی دوایی كرد، روونكردنەوە دەدات و رایدەگەیەنێت: پرسەی ئەو بەرپرسە لە هەولێر بەڕێوە ناچێت.
لە روونكردنەوەیەكدا كە ئەمشەو بڵاویكردەوە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاندووە: سەبارەت بەو دەنگۆیانەی لە چەند كەناڵ و پەیجێكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراوەتەوە، كە گوایە بەرپرسێكی ڕژیمی پێشوو لە شاری هەولێر كۆچی دوایی كردووە و سێ ڕۆژیش پرسەی بۆ دادەنرێت، بە هەموو شێوەیەك ئەم هەواڵە بێبنەمایە رەتدەكەینەوە و دووپاتی دەكەینەوە كە ئەم دەنگۆیانە دوورن لە ڕاستی و هیچ بنەمایەكیان نییە، پرسەی ئەو بەرپرسەش لە هەولێر بەڕێوە نەچووە و بەڕێوەش ناچێت.
پارێزگاری هەولێر وەك كاردانەوەیەكیش بەرامبەر بڵاوكردنەوەی هەواڵی دانانی پرسە لەهەولێر بۆ بەرپرسەكەی پێشووی رژێمی بەعس لەچەند كەناڵێكی راگەیاندانەوە، روونیكردووەتەوە كە "بە مافی خۆمانی دەزانین هەر كەسێك لە هەر پلە و پۆستێك بێت، لەگەڵ تەواوی كەناڵەكان كە ئەم جۆرە هەواڵە ناڕاستانەیان بڵاوكردبێتەوە، ڕووبەڕووی لێپرسینەوە و ڕێكاری توندی یاسایییان دەكەینەوە".