راچڵەكین-
شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن لەسەر مووچەی مانگی 3ی فەرمانبەرانی هەرێم و سیستمی ئەسیكۆدا دەچنە بەغداد.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 5ی نیسانی 2026 شاندەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە پێكهاتووە لە لە ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران؛ ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان؛ عەبدولحەكیم خەسرۆ، سەرۆكی فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوون و كەمال رەئووف، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی كوردستان، دەگەنە شاری بەغداد.
بڕیارە سبەینێ دووشەممە 6ی نیسان، كۆبوونەوەی شاندەكەی حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی بالای حكومەتی عیراق كۆبێتەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر چەند پرسێك لەوانە مووچەی مانگی 3ی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، یەكلاییكردنەوەی لێكتێگەیشتنەكانی پەیوەست بە بەستنەوە و یەكستنی سیستەمی ئەلیكترۆنیی گومرگی لە دەروازە سنوورییەكان لە نێوان هەولێر و بەغدا ( سیستمی ئەسیكۆدا).
هەرچەندە ئەمڕۆ پێنج رۆژ لەمانگی نیسان تێپەڕیوەو فەرمانبەرانی سەر بەحكومەتی فیدراڵ مووچەی مانگی رابردوویان وەرگرتووە، بەڵام تائێستا هیچ ئاماژەیەك دیارنییە كە مووچەی مانگی 3ی فەرمانبەرانی هەرێم چ كاتێك لەلایەن بەغداد ڕەوانە دەكرێـت، بەهۆی ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەپاساوی كەمبوونەوەی داهات، تائێستا ئەو 120 ملیارەی ڕەوانە نەكردووە كە بەپێی رێكەوتنەكان پێویستە هەموو مانگێك ڕەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵی بكات تا ئەویش بڕیار لەناردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات.
ئەم سەردانە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دێت، بۆ هەماهەنگی و تێپەڕاندنی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەكان و نەهێشتنی هیچ پاساوێك لە بەردەم ناردنی ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان.
شاندەكەی حكومەتی هەرێم پێكدێت لە ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران؛ ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان؛ عەبدولحەكیم خەسرۆ، سەرۆكی فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوون و كەمال رەئووف، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی كوردستان، ئەمەش وەك رووداو بڵاویكردووەتەوە.