نوێترین زانیاری لەسەر دۆخی تەندروستی موجتەبا خامنەیی بڵاودەكرێتەوە

جیهان

2 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 242


راچڵەكین-

بەگوێرەی هەڵسەنگاندنێكی هەواڵگری كە رۆژنامەی(تایمز)ی بەریتانی بەردەستی كەوتووە، موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، لەشاری قوم چارەسەری پزیشكی وەردەگرێت و لەحاڵەتی كۆما ( لەهۆش خۆچوون)دایە.

یاداشتێكی دبلۆماسیش كە پێدەچێت پشتی بەزانیاری هەواڵگری ئەمریكی و ئیسرائیلی بەستبێت ئاماژەی بەوەكردووە، موجتەبای تەمەن 56 ساڵ "دۆخی تەندروستی ناجێگیرە، بەجۆرێك توانای ئەوەی نییە كاروباری وڵات بەڕێوەببات بڕیاری پێویست بدات."

پێشتریش، میدیای ئێران بڵاویكردبوەوە، لەهێرشەكەی سەر تارانی پایتەخت لە رۆژی 28ی شوباتی ئەمساڵ كە بووە هۆی كوژرانی عەلی خامنەیی ، رێبەری باڵای پێشووی ئێران، موجتەبا برینداربووە.

لەدوای هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی وەك رێبەری باڵای ئێران لەجێی باوكی، تائێستا هیچ دەركەوتنێك یاخود پەیامێكی دەنگی بڵاونەبووەتەوە، ئەوەش گومانی ئەوەی دروستكردووە كە موجتەبا بەهۆی كاریگەری برینەكانی نەتوانێت دەربكەوێت، هەرچەندە بەرپرسانی ئێران هۆكاری دەرنەكەوتنەكەی بۆ بارودۆخی ئەمنی و پاراستنی سەلامەتی ناوبراو دەگەڕێننەوە.

لەچەند رۆژی رابردوودا، میدیاكانی ئێران گرتەیەكی كورتی ڤیدیۆیی موجتەبا خامنەیی-یان بڵاوكردەوە كە سەردانی ژووری ئۆپراسیۆنەكانی ئێران دەكات كاتێك سەرقاڵی قسەكردنن لەسەر دامەزراوەی دیمۆنەی ئەتۆمی ئیسرائیل، بەڵام زۆرێك لەچاودێران لەو بڕوایەدان ئەو گرتە ڤیدیۆییە لەڕێی ژیری دەستكردەوە دروستكراوە. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن