عیراق هەڵمەتێك بۆ دروستكردنی دارستانی دەستكرد دەستپێدەكات

عێراق

4 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 99

راچڵەكین -

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە هەوڵێكدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی بە بیابانبوون، رەزامەندی نیشاندا لەسەر دروستكردنی زیاتر لە 100 دارستانی دەستكرد لەناوچە جیاجیاكانی وڵات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 8-4-2026، بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق، كۆبوونەوەی دەستەی باڵای هەماهەنگیی نێوان پارێزگاكان بەڕێوەچوو.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عیراق، لە كۆبوونەوەكەدا چەند بڕیارێكی گرنگ دران، لەوانەش دروستكردنی 101 دارستانی دەستكرد لەناوچە جیاجیاكانی عیراق و دروستكردنی پشتێنەی سەوزاریی بە دەوری شارەكاندا.

سودانی لە كۆبوونەوەكەدا رایگەیاند: ئامانج لە دروستكردنی دارستانی دەستكرد و پشتێنەی سەوزایی، لەچوارچێوەی پلانەكانی حكومەتی دێت بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی سەوزایی بەردەوام، كە ئامانج لێی بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی بە بیابانبوون و زیاتركردنی رووبەری سەوزایی دێت لە عیراقدا.

بەپێی ئامارە فەرمییەكانی حكومەتی عیراق، رێژەی بە بیابانبوون رووبەری 42% خاكی وڵاتەكە دەگرێتەوەو مەترسی دەكرێت لەچەند ساڵی داهاتوودا رێژەكە بۆ نزیكەی 50% بەرزببێتەوە. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن