راچڵەكین -
سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل رەزامەندی لەسەر دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ لوبنان نیشاندەدات و رایدەگەیەنێت: مەرجی سەرەكیی دانوستانەكە، داماڵینی چەكی حزبوڵڵا دەبێت.
نوسینگەی تایبەتی سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل بڵاویكردەوە، بنیامین نەتانیاهۆ رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر دەستپێكردنی دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ لوبنان.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی نوسینگەی نەتانیاهۆ، كە ئەمڕۆ پێنجشەممە 9-4-2026 بڵاوكراوەتەوە، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەوەكردووەتەوە كە دانوستانەكە، تایبەت دەبێت بە داماڵینی چەكەكانی حزبوڵڵا و بەستنی پەیوەندییەكی ئاشتییانەیە لەگەڵ حكومەتی لوبنان.
هەڵوێستە نوێیەكەی نەتانیاهۆ، لەكاتێكدایە میدیاكانی ئەمریكا بڵاویانكردووەتەوە، واشنتۆن گوشارەكانی لەسەر سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل چڕكردووەتەوە بۆ راگرتنی هێرشەكان بۆسەر لوبنان، لەپێناو سەرخستنی هەنگاوەكانی رێككەوتن لەگەڵ ئێران.
لەدوای ئاگربەستە دوو هەفتەییەكەی نێوان ئێران و ئەمریكا، كە یەكێك لە خاڵەكانی رێككەوتنەكە، راگرتنی هێرشەكان بوو بۆسەر لوبنان، بەڵام ئیسرائیل بەردەوام بوو لە هێرشكردنە سەر لوبنان، ئەمەش ناڕەزایی ئێرانی لێكەوتەوەو سەرۆككۆماری ئەو وڵاتە هۆشداریدابوو ئەگەر هێرشەكان بۆسەر ئەو وڵاتە بەردەوام بێت، ئاگربەستە كاتییەكە لەگەڵ واشنتۆن هەڵدەوەشێتەوەو دانوستانیش بۆ گەیشتن بە رێككەوتن ناكەن.