سوپای رووسیا دوو ناوچەی دیكەی ئۆكراینا كۆنترۆڵ دەكات

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 162

راچڵەكین -

وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئاماری هەفتەی رابردووی شەڕو پێكدادان لە بەرەكانی جەنگی دژ بە ئۆكراینا بڵاودەكاتەوەو رایدەگەیەنێت، هێزەكانیان دوو ناوچەی دیكەیان كۆنترۆڵكرد و زیانە گیانییەكانی سوپای ئۆكرایناش لەماوەی هەفتەیەكدا زیاتر لە هەشت هەزار و 430 سەرباز بوو.

ئەمڕۆ هەینی 10-4-2026، وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیەندراوێكدا نوێترین ئاماری شەڕو پێكدادانەكانی لەسەرجەم بەرەكانی جەنگ دژ بە سوپای ئۆكراینا بڵاكردەوەو ئاماژەی بەوەكرد لەماوەی هەفتەی رابردوودا، هێزەكانیان لەئەنجامی هێرشێكی فراوانی زەمینی، توانییان هەردوو شارۆچكەی دیبروڤا لە كۆماری دۆنێتسك و میروبولسكوێ لە هەرێمی سومی كۆنترۆڵ و بكەن، كە دوو شارۆچكەی ستراتیجییە و گرنگییەكی زۆریان لەبواری سەربازیدا هەیە.

وەزارەتەكە ئاشكرایكردووە، لەئەنجامی هێرش و بۆردومانەكانی هەفتەی رابردووی هێزەكانیان بۆسەر سەنگەر و پێگە سەربازییەكانی سوپای ئۆكراینا، هەشت هەزار و 435 سەربازی ئەو وڵاتە كوژراون، جگە لە كوژرانی سەدان چەكداری كرێگرتەی بیانی، كە لە پاڵ هێزەكانی ئۆكراینادا شەڕ دەكەن، هاوكات دەیان درۆن و سەكۆی مووشەكی و تانك و زرێپۆشی سوپای ئۆكرایناش لەناوبراون.

راگەیەندراوەكەی وەزارەتی بەرگریی رووسیا لەكاتێكدایە دوێنێ پێنجشەممە، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی ئەو وڵاتە بڕیاریدا بەبۆنەی جەژنی هەستانەوەی ئەرتۆدۆكسی، بۆماوەی دوو رۆژ ئاگربەست لەسەرجەم بەرەكانی جەنگ رابگەیەنێت. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن