هەیبەت حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق
راچڵەكین -
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران داوا لەسەرجەم پەرلەمانتاران دەكات لەدانیشتنی سبەینێ ئامادەبن بەمەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار، راشیدەگەیەنێت هەر پەرلەمانتاراێك ئامادەی دانیشتنەكە نەبێت، ناوەكەی بڵاودەكرێتەوە.
هەیبەت حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەپەیامێكدا كە ئەمڕۆ هەینی 10-4-2026 بڵاویكردەوە، داوای لە سەركردە سیاسییەكان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان و ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران كردووە لە دانیشتنی سبەینێ شەممە ئامادەبن، كە تایبەتە بە هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار.
سەرۆكی پەرلەمان ئاماژەی بەوەكردووە، دانیشتنەكەی سبەینێ هەنگاونانە بۆ تەواوكردنی شایستەی دەستورییەكان و سەرخستنی بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی لەسایەی ئەو دۆخە ئەمنی و ئابورییەی كە وڵات پێیدا تێپەڕدەبێت، كە پێویستە لەسەر هەموو لایەك بەرپرسیارییەتی نیشتمانی لەبەرچاو بگرن.
لە بەشێكی پەیامەكەدا هاتووە، "جەختیش دەكەینەوە كە ناوی ئەو پەلەمانتارانە بڵاودەكەینەوە كە ئامادەنابن لەگەڵ فراكسیۆنەكان بەبێ ئامادەبوونی پەرلەمانتارەكانیان، بەمەبەستی ئاگاداربوونی ڕای گشتی لەوبارەیەوە".
بڕیارە سبەینێ شەممە دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوەبچێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری عیراق، فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بەفەرمی رایگەیاندووە كە بەشداری لە دانیشتنەكەدا ناكات.