راچڵەكین -
لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار، محەمەد شیاع سوودانی جوڵە سیاسییەكانی دەستپێدەكات بۆ دووبارە كاندیدكردنەوەی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران، لە دوو دیدارێكی جیاشدا لەگەڵ هەریەك لە محەمەد حەلبوسی و عەمار حەكیم، داوایان كرد حكومەتێك پێكێندرێت كە بتوانێت ڕووبەڕووی هەموو ئاڵنگارییەكان ببێتەوە.
ئەمڕۆ یەكشەممە، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەری عیراق، بەجیا لەگەڵ هەریەك لە محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی حزبی تەقەدوم و عەمار حەكیم، سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتمانیی، كۆبووەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سوودانی لە دوو راگەیاندراودا ئاماژەی بەوەداوە كە لەهەردوو دیدارەكەدا دۆخی سیاسی لە عێراق تاوتوێكراو هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری نوێی عیراقیش لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە بە هەنگاوێكی گرنگ زانرا بۆ تەواوكردنی شایستە دەستوورییەكان.
لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتیش، سوودانی و حەلبوسی و حەكیم جەختیانكردەوە لەسەر ئەوەی، پێویستە حكوومەتێكی بەهێز پێكبهێندرێت كە بتوانێت ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەكان ببێتەوە و خواست و داواكارییەكانی هاووڵاتییانیش جێبەجێ بكات.
دیدارەكانی سوودانی لەگەڵ سەركردە باڵاكانی هێزە سیاسییەكانی عیراق، لەكاتێكدایە بەگوێرەی زانیارییەكان ناوبراو خواستی هەیە دووبارە كاندید بكرێتەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكوەزیرانی عیراق، لەكاتێكدا چوارچێوەی هەماهەنگی وەك گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی عیراق، پێشتر نوری مالیكی بۆ ئەو پۆستە كاندید كردبوو، بەڵام لەئێستادا هەوڵێك هەیە بۆ كشاندنەوەی كاندیدكردنی مالیكی، بەتایبەتی لەدوای پەیامەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا كە رایگەیاندبوو ئەگەر نوری مالیكی ببێتەوە سەرۆكوەزیرانی عیراق، جۆری مامەڵەكردنیان لەگەڵ وڵاتە دەگۆڕن.