راچڵەكین-
وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، پرۆگرامی خوێندنی 12ی ئامادەیی كەمناكرێتەوە.
سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: وەزارەت لە یەك دوو رۆژی داهاتوودا ساڵنامەی هەمواركراوی خۆی بۆ هەردوو پۆلی 9ـی بنەڕەتی و 12ـی ئامادەیی رادەگەیەنێت، داواش لەو خوێندگایانە دەكات كە تاقیكردنەوەی 20 نمرەییان نەكردووە، كاتیان ماوە و ئێستا دەتوانن بیكەن، ئەمەش وەك رووداو بڵاویكردووەتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە لەبارەی پۆلی 12ی ئامادەیی، روونیكردەوە كە دەسەڵات دەدرێتە ئەو خوێندنگایانەی پرۆگرامی خوێندنیان تەواو كردووە، دەست بە تاقیكردنەوەكانی وەرزی دووەم بكەن، بەو مەرجەی رۆژی 4ی ئایار، دوایین رۆژی تاقیكردنەوەكان بێت.
سامان سیوەیلی، ئاشكرایكرد كە پرۆگرامی خوێندنی پۆلی 12 كەم ناكرێتەوە، خوێندكارانی ئەو پۆلەشی دڵنیاكردەوە كە لەنێوان تاقیكردنەوەكانی وەرزی دووەم و تاقیكردنەوەی وەزاری، 40 رۆژیان بۆ خوێندن دەبێت و وەك هەموو ساڵێك دەبێت و پێویست بە دوو دڵی ناكات.