راچڵەکین-
وادەی گەڕی دووەمی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ئیسلام ئاباد ئاشکرا دەکرێت.
گۆڤاری "زە ئەتلانتیک" لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، خولی دووەمی دانوستانە ڕاستەوخۆکانی نێوان نوێنەرانی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوەدەچێت.
ئەم وادەیە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەمارۆی دەریایی خستووەتە سەر گەرووی هورمز و هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا ڕێگری لە هەر کەشتییەک دەکەن کە بیەوێت بچێتە ناو گەرووەکە یان لێی بچێتە دەرەوە، هەروەها بە وتەی ترەمپ هێزەکانی ئەمریکا لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا دەست بەسەر هەر کەشتییەکدا دەگرن کە پارەی تێپەڕبوونی بە ئێران دابێت.
ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیاڵ میدیای "تروس سۆشیاڵ" ئاماژەی بەوەش کردووە، هێزە دەریاییەکانیان دەست دەکەن بە تێکشکاندنی ئەو مینانەی ئێران لە گەرووەکەدا چاندوویەتی، هۆشداریشی دا کە هەر تەقەیەک لە هێزەکانی ئەمریکا بکرێت لە کاتی لادانی مینەکاندا، بە توندی و دەستبەجێ وەڵام دەدرێتەوە.
ئەم هەڕەشانەی ترەمپ دوای ئەوە دێن کە دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد دوای ٢١ کاتژمێر لە گفتوگۆی چڕوپڕ تووشی بەربەست بوون و لایەنەکان نەیانتوانی بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکاش جەختی کردەوە کە واشنتن دەستبەرداری هێڵە سوورەکانی نابێت و ئێستا تۆپەکە لە یاریگای ئێراندایە.
لای خۆشییەوە محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بە نیازپاکی و ئیرادەیەکی بەهێزەوە چووەتە ناو دانوستانەکان، بەڵام بەهۆی ئەزموونی جەنگەکانی ڕابردووەوە هیچ متمانەیەکیان بە ئەمریکییەکان نییە.
هاوکات ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرایکرد کە لەگەڵ واشنتن گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن لەسەر چەند پرسێکی دیاریکراو، بەڵام هێشتا ڕێککەوتنی کۆتایی بەدی نەهاتووە.