هۆكار و نیشانه‌كانی ئازاری پاژنه‌ی‌ پێ و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ر

تەندروستی

18/05/2020     ژمارەی بینراو 3099

پاژنه‌ی‌ پێ

ڕاچڵه‌كین-

ئازاری پاژنه‌ی‌ پێ ڕوودەدات لە ئەنجامی هەوکردنی ڕیشالە بەستەرەکانی ژێر پێ، لە ڕووی توێکاریەوە بریتیە لە چینێکی تەنکی ڕشالی دەکەوێتە ژێر پێ و یارمەتی مانەوەی کەوانەیی ژێر پێیەکان دەدات و بە یەکسانی لە ئافرەتان و پیاوان ڕوودەدات، له‌م بابه‌ته‌دا دكتۆر دێدەوان پسپۆڕی نەشتەرگەری ئێسک و شکان باس له‌ هۆكار و نیشانه‌كانی ئازاری پاژنه‌ی‌ پێ ده‌كات و چاره‌سه‌ر ڕوون ده‌كاته‌وه‌.


ئەم کەسانەی خوارەوە زیاتر توش دەبن:
1-ئەوانەی کێشی لەشیان زۆر زیادە( قەڵەوەکان).
2- ئەو چالاکییانەی کە قورسایی زیاتر دەکەوێتە سەر ژێر پێ وەکو ڕاکردن و سەما کردن.
3- تووندبوون و کرژی ماسولکەی ئەکیلیس کە دەکەوێتە بەشی پشتەوەی قاچ ( بەلەک).

نیشانەکانی:
1- ئازاری پاژنەی پێ زۆربەی کات لە بەیانیان زیاترە بە تایبەتی دوای لە خەو هەستان، لە سەرەتادا نەخۆش لە سەر پەنجەکانی پێی دەڕوا، پاش ماوەک ڕۆیشتن لەسەری ، ئازارەکە باشتر دەبێت.
2-لە شەودا دەبێتە ئازارێکی زۆر بە تایبەتی پاش ڕاوەستان لە سەر پێ بە درێژایی ڕۆژ.
3-لە سەرەتای نەخۆشیەکە، پێویستی بە وەرگرتنی تیشکی ئێکس ( x-ray) نییە، چونکە زۆربەی جار ئەنجامی تیشکەکە نۆرماڵ و ئاساییە، لەوانەیە هەندێک جار هەست بە بوونی ئێسکی زیادە بکرێت لە ئێسکی پاژنەی پێ کاتێک هەوکردنەکە بۆ ماویەکی زۆر بمێنتەوە.

چارەسەر کردنی:
1- بە بێ نەشتەرگەری:
- بریتییە لە بەکارھێنانی حەبی دژە ئازار
-بەکارھێنانی ناوکەفی نەرمی ژێر پێ لە پێڵاودا *ئەنجامدانی چارەسەری سروشتی ئەویش بە ڕاکیشانی ماسوولکەکانی بەشی پشتەوەی قاچ (بەلەک).
- توێژینەوە نوێیەکان لە کاتی ئێستادا باسی بەکارھێنانی قاڵب دەکات بۆ پێ لە کاتی شەودا کە ئەنجامێکی زۆر باشی هەبووە.
- لێدانی دەرزی کۆرتیزۆن لە ژێر پێ لەوانەیە ئازارەکە کەم بکاتەوە، بەڵام لەوانەیە ببێتە هۆی پچڕانی بەستەرو پوکانەوەی چەوری ژێر پێ.
- لێدانی دەرزی پلازما (PRP) لە ژێر پێ، کە هەندێک توێژینەوەی نوێ باسی دەکات.

-ئەگەر لە پاش شەش مانگ لە چارەسەر، نەخۆش بەردەوام ئازاری ژێر پێی هەبوو، ئەو کاتە دەتوانرێت ئامێری شەپۆلەکانی شۆک ( shock wave therapy ) بە کاربێنی لە بەشی چارەسەری سروشتی وەکو بەشێک لە چارەسەر.

2-بە نەشتەرگەری:
ئەگەر لە پاش نۆ مانگ لە چارەسەر، نەخۆش بەردەوام ئازاری ژێر پێی هەبوو، هیچ سوودێکی لە چارەسەرەکانی بێ نەشتەرگەری نەبینی، دەتوانرێت نەشتەرگەری بۆ ئەنجام بدرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن