راچڵەكین-
لەدەوروبەری شاری موسڵ سێ گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراونەتەوە كە بەگوێرەی بەڵگە سەرەتاییەكان، قوربانییەكانی ناویان پێشمەرگە و كوردانی ئێزدین.
یاسین كەریم، بەڕێوەبەری گشتیی پەیمانگای پزیشكیی دادوەریی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ی نیسانی 2026 بەمیدیای نزیك لە پارتی راگەیاندووە:" بەپێی ئەو زانیاری و شاهیدانەی لەبەردەستمانن، دوو لەو گۆڕە بەكۆمەڵانە هی پێشمەرگە و هاووڵاتیی مەدەنین، گۆڕی سێیەمیش كە لە بەشی سەرەوەی ئەوانی دیكەیە، رووفاتی ژن و منداڵی تێدایە، پێشبینیش دەكرێت رووفاتی 10 بۆ 15 پێشمەرگە لەنێو ئەو گۆڕانەدا هەبن."
"هەموو قوربانییەكان چاویان بەستراوەتەوە و دەستیان لە پشتەوە كۆت كراوە، پاشان بە فیشەكی دەمانچە یان كڵاشینكۆف لە سەریان دراوە؛ هەندێكیان لە پشتەوە و هەندێكیان لە پێشەوە فیشەكیان پێوە نراوە." بەڕێوەبەری گشتیی پەیمانگای پزیشكیی دادوەریی هەرێمی كوردستان وا دەڵێت.
یاسین كەریم، ئەوەی ڕوونكردەوە، نموونەی خوێن (DNA) لە 150 خێزانی پێشمەرگە وەرگیراوە بۆ ئەوەی دوای دەرهێنانی رووفاتەكان، پشكنینەكان هاوتا بكرێن و بە فەرمی ناسنامەكانیان رابگەیەنرێت.