راچڵەكین -
حزبی دەعوەی ئیسلامی دەنگی كشانەوەی نوری مالیكی لە كاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران رەتدەكاتەوەو رایدەگەیەنێت، بڕیاری كشاندنەوەی كاندیدبوونی مالیكی تەنها بەدەست چوارچێوەی هەماهەنگییە.
حزبی دەعوە لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە 19-4-2026 بڵاویكردەوە، پرسی كاندیدبوونی نوری مالیكی سەرۆكی حزبەكەی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران یەكلاییكردەوەو تێیدا هاتووە، تائێستاش مالیكی كاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگییە بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران و تا ئەم ساتەش نوری مالیكی كاندیدبوونی نەكشاندووەتەوە.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، كشاندنەوەی كاندیدبوونی مالیكی تەنها بەدەست چوارچێوەی هەماهەنگییە، بەوپێیەی بەزۆرینەی دەنگ كاندیدی كردووە، كشاندنەوەی كاندیدبوونەكەش دەبێ بەهەمان میكانیمز بكرێت كە مالیكی پێ كاندید كرا.
حزبی دەعوە ئەو دەنگۆیانەشی رەتكردووەتەوە كە باس لەوە دەكرێت نوری مالیكی كەسێكی دیكەی لەشوێنی خۆی بۆ سەرۆكوەزیران كاندید كردبێت.
روونكردنەوەكەی حزبی دەعوە لەكاتێكدایە تائێستا چوارچێوەی هەماهەنگی نەیتوانیوە پرسی كاندیدی سەرۆكوەزیرانی عیراق یەكلایی بكاتەوە و ئەو كۆبوونەوەیەی كە بڕیار بوو دوێنێ ئەنجامبدرێت، بۆ رۆژی دووشەممە دواخرا.