راچڵەكین -
كۆتایی ئەم هەفتەیە گەڕی دووەمی دانوستانەكانی ئاشتی لەنێوان ئیسرائیل و لوبنان دەستپێبكاتەوە، سەرۆكی لوبنانیش رایدەگەیەنێت: خۆمان دانوستان دەكەین و هیچ لایەنێك لەبری ئێمە بڕیار نادات.
كەناڵ 15ی ئیسرائیلی بڵاویكردەوە، بڕیارە رۆژی پێنجشەممە 23-4-2026، گەڕێكی دیكەی دانوستانە راستەوخۆكانی نێوان شاندی ئیسرائیل و لوبنان بە نێوەندگیریی ئەمریكا لە واشنتۆن بەڕێوەبچێت، بەمەبەستی گەیشتن بە رێككەوتنی ئاشتی و كۆتایی هێنانی جەنگ.
هەرچەندە تائێستا بەفەرمی ئیسرائیل و لوبنان ئەو هەواڵەیان پشتڕاستنەكرووەتەوە، بەڵام جۆزیف عەون، سەرۆككۆماری لوبنان لە لێدوانێكدا رایگەیاند: شاندێك بە سەرۆكایەتی باڵیۆزی لوبنان لە ئەمریكا، دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل دەكات بەو ئومێدەی بگەینە رێككەوتن.
سەرۆكی لوبنان جەختی لەوە كردەوە كە لەپرسی دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل، هیچ لایەنێك لەبری وڵاتەكەی بڕیار نادات و خۆیان ئەو ئەركە دەگرنە ئەستۆ، وتیشی:" هەڵوێستمان روونە كە دەمانەوێ ئاشتی بەرقەرار بێت و هێرش و بۆردومانەكانیش بۆسەر خاكی وڵاتەكەمان رابگیرێت".
لەدوای بڕیاری ئاگربەستی كاتی بۆماوەی 10 رۆژی لەنێوان ئیسرائیل و لوبنان كە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو راگەیەندرا، شاندی هەردوو وڵات لە واشنتۆن بە نێوەندگیریی ئەمریكا گەڕی یەكەمی دانوستانی راستەوخۆیان ئەنجامدا.