شەپۆلێكی بەهێزی بارانبارین دەستپێدەكاتەوەو تەرزەی لەگەڵدایە

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 225

راچڵەكین-

شارەزایەكی بواری كەشناسی رایدەگەیەنێت، شەپۆلێكی بەهێزی شەستە باران لەناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان دەستپێدەكاتەوەو تەرزەو هەورە بروسكەی لەگەڵدایە.

ئاراس جەبار بڵاویكردووەتەوە، لەئەنجامی كاریگەری بەهێزی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوور و بارستە هەوایەكی زۆر سارد لە چینە بەرزەكانی بەرگەهەوادا، رۆژی سێشەممە 28ی نیسانی 2026 لەكاتەكانی بەرەبەیانەوە تاو تاو باران و هەورە بروسكە سەرەتا ناوچەكانی سنوری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و كەركوك دەگرێتەوە و پاشان لەكاتەكانی نیوەرۆوە كاریگەری فراوانتر ئەبێت بە مامناوەندی تاوە باران و تەرزە و هەورە بروسكە ناوچەكانی سنوری ئیدارەی راپەرین و سۆران و سنوری پارێزگای هەولێر و دهۆكیش دەگرێتەوە.

لەناوچەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و كەركوك و ئیدارەی گەرمیان هەر لەكاتەكانی نیوەرۆ بەدواوە بۆ كاتەكانی شەو كاریگەری ئەو حاڵەتە بەهێزتر دەبێت و لەزۆربەی شوێنەكان ئەگەری شەستە بارانی بەهێز و تەرزە و هەورە بروسكەی توند دەبێت و لەهەندێ شوێنیشدا ئاستی ئاو بەرزدەبێتەوە ، پلەكانی گەرما بەڕاورد بە ئەمڕۆ 3 تا 4 پلە نزمدەبنەوە و خێرایی با چالاك ئەبێت 15-25كم/ك ئاراستەی با باكوری رۆژهەڵات دەبێت.

بەگوێرەی پێشبینییەكانی ئەو كەشناسە بۆ رۆژی چوارشەممە  29ی نیسان، كاریگەری ئەو ناجێگیریە بە شێوەیەكی بەهێز لەسەر ناوچەكانمان دەمێنێتەوە بەتایبەت بۆ ناوچەكانی سنوری پارێزگای دهۆك و دەڤەری بادینان و ناوچەكانی سنوری ئیدارەی سۆران و راپەرین كاریگەریەكانی بەهێزتر ئەبێت و ئەگەری شەستە باران و تەرزە و بروسكەی توند دەبێت لەگەڵ دروستبوونی لافاو لەهەندێ شوێندا.

لەسنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و كەركوكی و باكوری گەرمیان و سەنتەری پارێزگای هەولێر ناوبەناو تاوە بارانی بەخوڕ و تەرزە و هەورە بروسكە چالاك دەبێتەوە و پلەكانی گەرماش بەرێژەی 1 بۆ 2 پلە نزمتردەبنەوە ، بەگشتی چوارشەمە لەكاتەكانی ئێوارەوە كاریگەری ئەم شەپۆلە لاواز دەبێت كەش جێگیر دەبێتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن