راچڵەكین-
دوو سەرچاوەی ئەمریكی، هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەو وڵاتەیان لەبارەی پێشنیارە نوێیەكەی ئێران ئاشكراكردووە.
تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن لەزاری ئەو دوو بەرپرسەی ئەمریكا بڵاویكردووەتەوە، ترەمپ لە كۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی بەرپرسانی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا كە تیایدا گفتوگۆ لەبارەی پێشنیارە نوێیەكەی ئێران كراوە، تێڕوانینی خۆی خستووەتە ڕوو، كە بەووتەی یەكێك لەو سەرچاوانە پێناچێت ترەمپ پێشنیارەكەی ئێران پەسەند بكات و رەزامەند بێت لەسەری.
بەبۆچوونی ئەو دوو سەرچاوە ئەمریكییە، لابردنی گەمارۆی سەر گەرووی هورمز بەبێ چارەسەركردنی دۆسێكانی پەیوەست بە پیتاندنی یۆرانیۆم یان پێكهاتە هەڵگیراوەكانی، دەبێتە هۆی نەمانی كارتی فشاری ئەمریكا لە گفتوگۆكاندا.
لەبەرامبەریشدا، مانەوەی گەمارۆی سەر گەرووەكە، وا دەكات نرخی سووتەمەنی بەبەرزی بمێنێتەوە كە ئەوەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لەئەمریكا.
تائێستا ڕوون نییە، هەنگاوەكانی داهاتووی دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر ئێران چی دەبێت، بەتایبەت كەلەئێستادا نیگەرانییەك هەیە لەنێو ئیدارەی ئەمریكا كە كێ لەئێراندا بڕیار بەدەستە تا دەسەڵاتی بڕیاردانی كۆتایی هەبێت سەبارەت بەئەگەری گەیشتن بە هەر رێكەوتنێك، لەبەر ئەوەی بەووتەی ئەو سەرچاوە ئەمریكییانە، ناكۆكی و دووبەرەكی لەنێو ناوەندی بڕیاردان لە ئێراندا بەئاشكرا هەستی پێدەكرێت.
ئۆلیڤیا وێڵز، یاریدەدەری سكرتێری رۆژنامەوانی كۆشكی سپی بە سی ئێن ئێنی راگەیاندووە، پێشتر دۆناڵد ترەمپ ئەوەی ڕوونكردووەتەوە ئەمریكا هیچ رێكەوتنێك لەگەڵ ئێران واژۆ ناكات ئەگەر بێتو لەبەرژەوەندی گەلی ئەمریكی نەبێت و كۆتایی بەبەرنامەی ئەتۆمی ئێران نەهێنێت.