راچڵەكین-
دادگای فیدراڵی عیراق سكاڵایەكی دژ بەهەرێمی كوردستان ڕەتكردەوە كە تایبەت بوو بە مەرجەكانی حكومەتی هەرێم بۆ هەناردەی نەوتی عیراق لەڕێی بۆرییەكانییەوە.
سكاڵاكە لەلایەن عودەی عەواد، سەرۆكی فراكسیۆنی سادیقوون لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، كە باڵی سیاسیی عەسائیبی ئەهلی حەقە تۆماركرابوو كە تیایدا سكاڵاكار داوایكردبوو مەرجەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ رەزامەندی لەسەر هەناردەكردنی نەوتی عیراق لە رێگەی بۆریی گواستنەوەی نەوت بە خاكی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهانی توركیا بە نایاسایی بناسێنێت.
دادگای فیدراڵی لەدانیشتنی ئەمڕۆ سێشەممە 28ی 4ی خۆیدا بڕیاریدا بە ڕەتكردنەوەی سكاڵاكە بە پاساوی ئەوەی سكاڵاكارەكە مافی نەیاری (خصومە) نییە لەو سكاڵایەدا.
لەرۆژی 18ی ئاداری ئەمساڵەوە، پاش ڕەزامەندی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەناردەكردنی نەوتی كەركووك لە رێگەی بۆری هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان لەتوركیا دەستیپێكردووە و لەئێستادا نزیكەی 200 هەزر بەرمیل نەوتی رۆژانە لەڕێی ئەو بۆریەوە هەناردە دەكرێت.