راچڵەکین-
موجتەبا خامنەیی رابەری باڵای ئێران ڕایگەیاند: شۆڕشی ئیسلامی خاڵی وەرچەرخان بوو لە بڕینی دەستی زلهێزەکان لە ناوچەکەدا، ئێستاش دوای تێپەڕبوونی دوو مانگ بەسەر گەورەترین لەشکرکێشی و دەستدرێژیی زۆردارانی جیهان و شکستی ئەمریکا لە نەخشەکانیدا، وەرزێکی نوێ لە مێژووی کەنداوی فارس و گەرووی هورمز لە حاڵی نووسینەوەدایە.
وتیشی: گەلانی ناوچەکە لە دوو مانگی ڕابردوودا گەورەیی و وریایی هێزە دەریاییەکانی سوپا و سوپای پاسدارانیان بینیوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە بۆ هەمووان، تەنانەت دەسەڵاتدارانی وڵاتانیش، سەلمێنراوە کە بوونی ئەمریکا و بنکە سەربازییەکانی لە ناوچەکەدا، هۆکاری سەرەکیی نائارامین و ئەو بنکانە توانای پاراستنی خۆشیان نییە.
باسی لەوەشکرد: داهاتووی گەشاوەی ناوچەکە، داهاتوویەکی بێ ئەمریکا دەبێت کە لە خزمەت پێشکەوتنی گەلاندا بێت، ئێران و دراوسێکانی لە کەنداوی فارس و دەریای عومان هاوچارەنووسن و بێگانەکان کە لە هەزاران کیلۆمەتر دوورەوە هاتوون، هیچ شوێنێکیان لەم ناوچەیەدا نییە مەگەر قووڵایی ئاوەکان بێت.
موجتەبا خامنەیی روونیشیکردەوە: ئێران بەڕێوەبەریی نوێی گەرووی هورمز دەگرێتە ئەستۆ و ئەم بەڕێوەبەرییە نوێیە لە گەرووی هورمز، ئارامی و پێشکەوتن بۆ گەلانی ناوچەکە دابین دەکات و دەبێتە هۆی دڵخۆشی و دەستکەوتی ئابووری بۆ هەمووان.